٣٠ ساڵە سەبەتەی دار دروست دەکات

لەکۆندا سەلە و سەبەتەی دار یەکێک بووە لە پێویستییەکانی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت گوندنشینان، بەڵام لە ئێستادا دروستکردن و بەکارهێنەرانیان کەمبوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوڵاتییەک ماوەی ٣٠ ساڵە سەلە و سەبەتە دروست دەکات و وەک خۆی دەڵێت"ئامانجی ئەوەیە کە ئەو پیشەیە نەفەوتێت".


عەلی نەبی، هاوڵاتییەکی دانیشتووی گوندی ماخۆمەزەنی سەر بە شارەدێی سەنگەسەری ئیدارەی ڕاپەڕینە، تا ئێستا لەسەر پیشەی دێرینی داپیران و باپیرانی کە دروستکردنی سەلە و سەبەتەی دارە بەردەوامە.

عەلی نەبی، ٣٠ ساڵە لە چیاکانی نزیک گوندەکەی داری پێویست کۆدەکاتەوە و بەکاری دەهێنێت لە دروستکردنی سەلە و سەبەتەکانیدا.

دوای هێنانی دارەکان، عەلی لە ماڵەوە دەست بە دروستکردنی سەبەتەکانی دەکات، سەرەتا بنچینەی سەبەتەکان دروست دەکات، کە وەک خۆی باسی دەکات وردەکاریی و کاتی زۆری پێویستە"دەبێت زۆر بە لێهاتوویی بناغەکە دابمەزرێنیت".

سەبەتە زیاتر بۆ هەڵگرتن و ئاڵوگۆڕی ترێ و میوەکانی دیکە بەکاردێت و پارێزگارییەکی باشیش لە میوە دەکات و ڕێگا لەزوو خراپبونی دەگرێت.

عەلی نەبی، بۆ ڕۆژنیوز دەشڵێت:"بڕینی ئەو دارانە هیچ زیانێکی بۆ ژینگە نیە، بەڵام دەبێت  بە جوانی و شارەزایانە ببڕدرێت، بەمجۆرە سودی بۆ درەختەکە هەیەو بەهێزتر و جوانتری دەکات".

لەڕووی زیانە تەندروستیەکانی بۆ سەر ژیانی مرۆڤ ناوبراو وتی:" ئەم جۆرە سەلە و سەبەتانە زۆر باشترن لەوانەی کە بە پلاستیک دروست دەکرێن و لەڕووی تەندروستییەوە بەکارهێنانیان گونجاوە".

لە هەرێمی کوردستان کڕیارانی سەلە و سەبەتەی لە دار دروستکراو بەڕیژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام لە هەندێک ماڵیشدا جیاواز لەوەی بەکارهێنانی گونجاوە بۆ ڕازاندنەوەش بەکاری دەهێنن، عەلی نەبی-یش دەڵێت:"هەندێک کات هاوڕێ و دۆستەکانم داوام لێدەکەن، منیش بێبەرامبەر پێشکەشیان دەکەم، وەهەوڵمداوە منداڵەکانم  و کەسانی دەورووبەرم فێری ئەو پیشەیە بکەم بۆ ئەوەی نەفەوتێت و شتێکە لە داپیران و باپیران بۆمان ماوەتەوە".

ش.ف