٣ هەزار کەس لە عێراقدا خۆیان کوشتووە

بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە دووای ڕووخانی ڕژێمی عێراقەوە، سێ هەزار کەس لە عێراقدا خۆیان کوشتووە، پەرلەمانتارێکی عێراقیش چەند هۆاکرێک دەخاتەڕوو، لەوانە سیستمیی پیاوسالاریی و زۆربوونیی بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان.


کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ئاشکرای دەکات، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ تا  ٢٠١٣، ١٥٠٠کەس لە عێراقدا خۆیان کوشتووە، هەروەها ئامارەکە بەرزبووەتەوە و لە ٢٠١٣ تا ٢٠١٩، ١٥٠٠ کەسیتر خۆیان کوشتووە، بەوەش بەگشتی ٣٠٠ کەس لە دووای ٢٠٠٣وە خۆیان کوشتووە.

ئامارەکان لە جیهاندا ناتوانرێت بە پێوەری سەرەکی دابنرێت، چونکە لە زۆرینەی شوێنە دوورەدەستەکان حاڵەتی خۆکوژی ڕووشبدات ئاشکرا نابێت و تۆمار ناکرێت، ئەوەش زیاتر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها لە زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوشتنی ژنان یاخود ناچارکردنیان بە خۆکوشتن دەشاردرێنەوە و تۆمار ناکرێن، هەربۆیە دەکرێت لە عێراقدا ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لەم ئامارە خۆکوژیی ڕوویدابێت.

یوسرا ڕەجەب، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، لەسەر ئامارەکە بۆ ڕۆژنیوز دوواو وتی: ئەمە بۆخۆی ڕێژەیەکی ترسناکە لە عێراقدا، پێویستە کە ئێمە بە دواداچوونی بۆ بکەین، بەجدی ئیمە لە هەوڵی ئەوەداین یەکەم شت حاڵەتەکان دیاری بکەین و بزانین هۆکارەکان چین، دواتریش چارەسەرییەکانی بۆ بدۆزینەوە.

یوسرا ڕەجەب بەشێکی گەڕاندەوە بۆ زۆربوونی حاڵەتێکی ترسناک کە لە عێراقدا تەشەنەی سەندووە، ئەوەیش ماددە هۆشبەرەکانەوە، لەم بارەیەوە وتی: ئەوەی تا ئێستا بۆمان دەرکەوتووە، هاکارەکان دەگەڕێنەوە بۆ، کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بێکاریی و بێ ئومیدی لای گەنجان، هەروەها تەشەنەکردنی ماددەی هۆشبەر.

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی مافی مرۆڤ، باسی لەوەشکرد، کە ئەوان ئەم پرسەیان گەیاندووە کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و حکومەتی عێراق و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، چەنکە "ئەمانە هەموویان بەرپرسن بۆ ئەوەی کاربکەن ناڵێین بۆ بنبڕکردنی، بەڵکو کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە، چونکە بنبڕکردنی ڕەنگە ئەستەمبێت، هەروەها ڕووی دەممان دەکەینە پیاوانی ئایینی وەقفی شیعە و سوننە، داوایان لێ دەکەین، کە خەڵک هۆشیار بکەنەوە لە ڕێگەی وتارە ئایییەکانی ڕۆژانی هەینییەوە.

یوسرا ڕەجەب سەرەنجی ڕاکێشایە سەر ئەو کیشانەی ژنان لە عێراقدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەتایبەت ئەوانەی وایان لێ دەکەن خۆکوژیان بکوژن، ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ پیشێلکردنی مافەکانی ژنان لەلایەن هاوسەرەوەبێت یان برا و کەسو کارو کۆمەڵگا بەگشتی، چونکە کۆمەڵگا کۆمەڵگایەکی پیاوسالارییە، وتیشی: جگە لەوەش حاڵەتێکیتری خۆکوشتنی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڕەشانەی لێیان دەکرێت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا و دەوترێت وێنە و ڤیدیۆتان بڵاودەکەینەوە.

س.ح