پزیشكێك لە كەركوك بەبێ بەرامبەر چارەسەری منداڵان دەكات

پزیشكێكی ژن لە شاری كەركوك،وەک کارێکی مرۆیی هەفتەی دوو ڕۆژلە نۆرینگەکەی چارەسەری منداڵانی شارەكەی دەكات بێبەرامبەر، پزیشكەكەش دەڵێت:لەڕێگای چەند هاوڕێكیەوە لە بەرنامەیدایە لە داهاتوودا تاقیگە و سۆنەریش بكات بە بێ بەرامبەر.


فائیزە خەتاب،یەکێک لە پزیشکە ژنە کوردەکانی شاری کەرکوکە وپزیشكی پسپۆڕی منداڵانە لە نەخۆشخانەی ئازادی فێركاریئەو شارە،لەهەفتەیەكدا دوو ڕۆژ منداڵانی نەخۆشلە نۆرینگەکەی دەبینێت و بە خۆڕای پشكنیكان بۆ دەكات، ئەو منداڵانەشی كە كەسوكاریان هەژارە بێ بەرامبەر دەرمانیان پێ دەدات.

هەمووڕۆژانێكی شەممە لە كاتژمێر٩ی بەیانی تاوەكو١٢ نیوەڕۆ و لەڕۆژانی چوارشەمە لە كاتژمێریدوو و نیوی پاشنوەڕۆ تاوەكو ئێوارەیەكی درەنگ نۆرینگەكەی ئەو پزیشكە كراوەیە و چارەسەری نەخۆشی منداڵان دەكات.

فائیزە خەتاب، دەربارەی بیرۆكەی ئەو كارە خێرخوازییە وەها بۆڕۆژنیوز، دوواو وتی:"هەفتەی دوو ڕۆژ بێبەرامبەر وەك كارێكی خێرخوازی پشكنین و چارەسەر بۆ منداڵانی كەركوك دەكەم، لەوانەیە بپرسن بۆچی ئەم كارە دەكەی؟ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە بەگشتی لە كەركوك و جیهانیش نەخۆشی بەشێوەیەكی زۆر زۆر زیادیكردووە بە سەرجەم نەخۆشییەكانەوە، دیارە وەك پێویستیش نەخۆشخانە حكومییەكان ناتوانن ببنە وەڵام بۆ چارەسەری نەخۆشیەكانی شارەكە".

ئەو پزیشکە لەگەڵ ئەوەی بێبەرامبەر منداڵان دەبینێت، وەک خۆی دەڵێت جیاوازی لە نێوان پێکهاتە و نە تەوەکانی شارەکە ناکات و لەو بارەیەوە وتی:"کەرکوک بەگشتی شارەی فرە نەتەوە و ئاینە، من بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی چاوم بە منداڵانی نەخۆش دەكەوێت، بە تایبەت مندڵانەی ئاوارە، زۆربەی ئەو كەسانەی كە دێنە ئێرە كە بزانم هەژارن و توانای كڕین و دەرمانیان نیە ئەوا شیر و دەرمانیش بۆ نەخۆشەكاندابین دەكەم لەڕێگای چەندكەسێكی خێرخوازەوە، بۆیە چیمان پێ بكرێت بۆ منداڵانی ئەم شارە ئەنجامی دەدەم، دیارە ئەم كارەی منیش دەیكەم كارێكی تازە نیە، بەڵكو لە زۆربەی وڵاتان كاری خێرخوازی هەیە منیش وەك ئەركێكی مرۆڤایەتی بەم كارە هەڵدەستم".

ڕوونشكردووە:"كەسوكاری ئەو منداڵانەی كە بەمەستی چارەسەری منداڵەكانیان سەردانم دەكەن زۆر كات ناتوانن پشكنین و سۆنەر ئەنجامبدەن بۆ نەخۆشەكەیان بەهۆی دۆخی ئابووریەوە، بۆیە ئێمە لەڕێگای چەند هاوڕێكەوە لە بەرنامەمان دایە كە لە داهاتوودا كار بۆ ئەوە بكەین كە بەشی تاقیگە و سۆنەریش بكەینەوە".

لە ناو نۆرینگەکەی ئەو پزیشكە سندوقی هاوكاری هەیە، هەر كەسێك كە لەڕۆژانی تر سەردانی ئەو نۆرینگەیە بكات بڕێك پارە وەك هاوكاری دادەنێت و دواتر لە نۆرینگەكەبەو پارەیە دەرمان و پێداویستیە تەندروستیەكان بۆ نەخۆش دەكڕێت و بەخۆڕای دەدرێت بەو منداڵە نەخۆشانەی كە كەسوكارەكانیان توانای كڕینی دەرمانیان نیە.

ک.س