پۆلیسی سلێمانی: هاوڵاتییەک كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، کە هاوڵاتییەکی تەمەن ٥٢ ساڵ لە شاری سلێمانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەكی چوارچرا لە شاری سلێمانی، هاوڵاتییەک كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان، كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە كراوە، بەپێی زانیارییەكانی پۆلیس، هاوڵاتییەكە بە چەكی جۆری "دەمانچە" كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

هاوڵاتییەكە ناوی (ع.م.أ)ە و لەدایكبووی ساڵێ ١٩٦٦ە و پیشەی كاسب بووە، لە ئێستاشدا لەلایەن بنكەی پۆلیسی چوارچراوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە .

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٣٤ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

ب.ل