پیاوێک دوای کوشتنی هاوسەرەکەی خۆشی کوشت

لە شارۆچکەی کۆیە پیاویک هاوسەرەکەی خۆی کوشت و دواتریش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، پۆلیس-یش دەڵێت: لیکۆڵینەوەمان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە.


کوشتن و خۆکوشتن لە هەریمی کوردستان بەردەوام لە هەڵکشاندایە و بە وتەی شۆڕش کاکە، بەڕێوبەری پۆلیسی کۆیەم بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە گەڕەکی ئازادیی شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر پیاویک هاوسەرەکەی خۆی کوشتووە و دواتریش خۆی کوشتووە.

شۆڕش کاکە، بۆ ڕۆژنیوز وتیشی: پیاوەکە بە فیشەک هاوسەرەکەی کوشتووە و دواتریش فیشەکێکی لەخۆی داوەو لە ڕێگای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی ھەولێر گیانی لە دەستداوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆچکەی کۆیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە ئەو ژن و پیاوە دایک و باوکی حەوت منداڵ بوون.

پۆلیس باسی لە هۆکاری ڕووداوەکە نەکرد و وتی: لێکۆڵینەوەمان دەستپێکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، پیاوەکە ناوی تاڵب ڕەزا-یە و لەدایکبووی ساڵی۱۹۷۲ بووە و ژنەکەش ناوی شوکریە فارس و لەدایکبوونی ۱۹۷٨ بووە.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٤١ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

بەگوێری ئاماری بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان-یش، تەنیا لە شەش مانگی دەستپێکی ٢٠١٨-دا ٢٠٤ ژن کوژراون و ناچارکراون بە خۆکوشتن، سێ هەزار و ٤٧٠ ژن-یش بەهۆی توندوتیژییەوە سەردانی دەزگا پەیوەندیدارەکانیان کردووە.

 

ش.ف