پیاوێک دوای کوشتنی کچەکەی خۆشی کوشت

لە شاری سلێمانی پیاوێک کچەکەی کوشت و هاوسەرەکەشی بەسەختیی  بریندار کرد، دواتر خۆشی کوشت.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە پرۆژەی نیشتەجێبونی كورد ستی دوو لە شاری سلێمانی، باوكێك كچ و هاوسەرەكەی بەسەختی بریندار کردووە، دوای ئەوەی بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە كچەکە گیانی لەدەستداوە و باوکەکەش خۆی کوشتووە.

 هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە کچەکە تەمەنی ١٦ ساڵە و ناوی (ب.غ.غ) و دایکەکەش ناوی (ب.ع.ع) یە و لەژێر چاودێریی وردی پزیشکدایە لە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی.

ئەوەش هاتووە:"دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕوداوەكە كراو پەڕاوی لێكۆڵینەوە لە لایەن بنكەی پۆلیسی چوارچراوە بۆ ڕوداوەكە كراوەتەوە".

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٣٤ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

ش.ف