پیری دەروێشە گونابادییەکان کۆچی دوایی کرد

قوتبی دەروێشانی گونابادی لە نەخۆشخانەیەکی تارانی پایتەختی ئێران لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.


بەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی مێهر لە تارانی پایتەختی ئێران، لە تەمەنی ٩٢ ساڵێدا، "نورعەلی تابەندە" قوتب (پیر)ی دەروێشە گونابادییەکان کۆچی دواییکرد.

نورعەلی تابەندە ٣١ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستیی و بەهۆی پیری تەمەنییەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی مێهر لە تاران.

ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە هەواڵی کۆچی دوایی تابەندە لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە، کە دواتر ئەو هەواڵە لەلایەن سایتی "مەجزوبانی نور" کە هی دەروێشەکانە بە درۆ خرایەوە.

بەپێی هەندێک سەرچاوە لە ئێستادا لە بەردەم نەخۆشخانەی مێهر لە تارانی پایتەخت، هێزێکی زۆر کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی پێش بە پەیڕەوانی تابەندە بگیرێت.

نورعەلی تابەندە کە وەک ڕێبەری دەروێشە گونابادییەکان دەناسرێت، مانگی ٣ی ساڵی ٢٠١٨، دوای پێکدادانێک لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و دەروێشەکان لە شەقامی گولستانی تاران، خرایە بەندی ماڵەوە.

لەو پێکدادانەدا چەندین دەروێش و سێ کەس لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران و ژمارەیەک زۆر لە دەروێشەکان دەستگیرکران کە تا ئێستاش لە زیندانن.

دەروێشە گونابادییەکان کە لە زنجیرەی سۆفییەکانی "نعمەتوڵاهی"ـن، لە بەناوبانگ ترین تەریقەتەکانی سوفی ئێرانن و لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی ئێران شوێنکەوتووی خۆیان هەیە.

نورعەلی تابندە بە نازناوی "مەجزوب عەلیشاه"، ١٤ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٧ لە گونابادی سەربە پارێزگای خوراسانی ئێران لە دایک بوو، باوک و باپیرانیشی پیشەیان دەروێشی بووە و لە گەورەکانی تەریقەتی نعمەتوڵاهین، خوێندنی تا ئاستی ماستەر لە ئێران تەواو کردووە و پلەی دکتۆرای  "حقوق" (یاسا)ی لە زانکۆی پاریس وەرگرتووە، پێش شۆڕشی گەلانی ئێران بە بێبەرامبەر پارێزەری چەندین کەسی سیاسیی گرتووەتە ئەستۆ، دوای شۆڕشیش پۆستەکانی جێگری وەزیری فەرهەنگ و جێگری وەزیری دادی لە دەوڵەتی کاتی "بازرگان" وەرگرتووە و ساڵی ١٩٨٠ بە خواستی خۆی خانەنشین کراوە.

دوای ئەوەی "حاج عەلی تابەندە" (مەحبوب عەلیشاه) قوتبی پێشووی دەروێشەکان، کۆچی دوایی کرد لەسەر وەسیەتی ئەو نازناوی "مەجزوب عەلیشاه" بە نورعەلی تابەندە بەخشرا و ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٢ بووبە 'ڕێبەر' یان 'قوتب'ی دەروێشە گونابادییەکان.

بەپیی وەسیەتی خۆی، تەرمەکەی لە 'بیدوخت' کە پێنج کیلۆمەتر لە شاری گونابادەوە دوورە دەنێژرێت، بیدوخت شوێنی ناشتن و گۆڕستانی ڕێبەرانی سوفییەکانی نعمەتوڵاهییە.