پیشەی هەلاجیی لەبەردەم مەترسییدایە

یەکێک لە هەلاجە دێرینەکانی شارۆچکەی ڕانیە کە ماوەی زیاتر لە ٤۰ ساڵە ئەو کارەدەکات، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، بەهۆی هاوردەکرنی بەرهەمی دەرەکییەوە پیشەکەیان وەک جاران نەماوە و بازاڕیان سارد و سڕە.


هەلاج یەکێکە لە پیشە دێرینەکانی هەرێمی کوردستان، کە لە ئێستادا بەهۆی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی و دروستبوونی ئامێری کارەبایی بۆ شیکردنەوەی خوری و لۆکە، پیشەکە هەڕەشەی لەناو چوونی لەسەرە، پێشتر لە زۆربەی گەڕەک و بازاڕەکانی شارەکان دوکانی  کاری هەلاجی هەبوو بەڵام ئێستا بەوشێوەیە نابینرێن.

وەستای هەلاج ئەو کەسەیە بە دارێکی ڕێکێ درێژ، یاخود لە ڕێگەی ئامێرێكی دەستییەوە، كە لە دار و سیرمەی پێست دروستکراوە، شیکردنەوە بۆ لۆکە و خوری دەکات بۆ دروستکردن یان تازە کردنەوەی دۆشەک و لێفە و پشتی.

یەکێک لە پیشەوەرە دێرینەکانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، حاجی قادر عوسمان، تەمەن ٥٦ ساڵە، کە لە تەمەنی ۱٥ ساڵیەوە لە شارۆچکەی ڕانیەی سەر بە پارێزگای سلێمانی کاری هەلاجی دەکات و لێفە و دۆشەک و پشتی و پێداوستییەکانی دیکەی تایبەت بەو پیشەیە دروست و ئامادە دەکات.

لە سەردانی ڕۆژنیوز، بۆ لای حاجی قادر، سەرەتا بەمشێوەیە باسی لە کارەکەی و ژیانی خۆی و ئاستەنگەکانی بەردەم پیشەکەی کرد "لەسەردەمی منداڵیمەوە پیشەی هەلاجی و کاری دروستکردنی لێفە و دۆشەک و پشتی خوری و لۆکە دەکەم جگە لەو کارەش هیچ کارێکی دیکە نازانم، ساڵانی ڕابردوو دۆشک و بالیف هەمووی لە خوری مەڕ دروست دەکرا، بەڵام ئێستا هەموو کەلوپەلەکان لە دەرەوە ئامادە دەکرێن و هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن".

خووری مەڕ کە بە یەکێک لە بەرهەمەناوخۆییەکان دادەنرێت و خەڵک هەر لە کۆنەوە کەڵکی لێ وەرگرتووە بۆ دروستکردنی دۆشەک و لباد و بالیف و لە ڕووی تەندروستییەوە لە دۆشەکی ئاسایی کارگەکان بە باشتری دەزانن، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا کەمتر بایەخ بە خوری مەڕ دەدرێت، لەو بارەیەوە حاجی قادر وتی: ساڵانی ڕابردوو حکومەتی عێراق زۆربەی بەرهەمە ناوخۆییەکانی لە خەڵک وەردەگرت نمونە، خوری، کەتیرە، مازوو... بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەو مەڕدارانە دەبێ هەموو ساڵێک خوری ئاژەڵەکانیان بسووتێنن چونکە کەس لێیان وەرناگرێت و خەڵک ئێستا زیاتر ڕوویان لە دۆشەکی ئەزبێز و لۆکەیە.

ئەو پیشەوەرە دێرینەی شارۆچکەی ڕانیە باسی لەوەشکرد کە قەیرانی داراییش کاریگەری لەسەر بازاڕیان دروستکردووە و وتی: "بازاڕ وەکو ساڵانی ڕابردوو نییە، پێشتر لە قەڵادزێ، سەنگەسەر و چوارقوڕنەوە خەڵک سەردانی دووکانەکەی منی دەکرد و پێداویستییەکانی لای من دەکڕی، بەڵام لە ئێستادا کار و کاسبی وەک ساڵان باش نییە و بازاڕ ساردە، ساڵان چوار شاگردم هەبوون و هەموویانم فێر کردبوو، بەڵام ئێستا کار کەمە تەنیا بۆخۆم فریا دەکەوم و شاگردەکانیش بەهۆی کەمی کارەکەوە وازیان لە کارەکە هێناوە".

زۆربەی هاووڵاتیان لە ئێستادا دۆشەک و لێفە و سەرینی لە لۆکە دروستکراو بەکار ناهێنن، بەڵام هەندێک لە خێزانەکان تاوەکو ئێستا بە تایبەت ئەو سەرین و لێفە لە لۆکە دروستکراوانه بەکاردەهێنن، بەوتەی هەلاجەکانیش لەڕووی تەندروستییەوە ئەو سەرین و لێفانەی کە ئەوان دروستی دەکەن سوودی زیاترە و بۆ ئازارەکانی پشت و مل بەسوودە.

ک.س