پێشمەرگە دێرینەکان بە چەکەکانیانەوە چوونە شەقام بۆ ڕۆژئاوا

توێژە جیاجیاکانی شارەدێی بازیان دژی ھێرشە داگیرکارییەکانی سوپای تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گردبوونەوە، پێشمەرگە دێرینەکانیش بە چەکەکانیانەوە بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کرد.


ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ڕێکخراوەکانی بازیان و تیپی ٢٣ی سورداشی پێشمەرگە دێرینەکان، لەدژی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، گردبوونەوەیەکی جەماوەرییان لە شارەدێی بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئەنجامدا.

پێشمەرگە دێرینەکان بە چەکەکانیانەوە، کرێکارانی شارەوانی، وەرزشکاران، ژنان، منداڵان و سەدان کەسی دیکە لە توێژە جیاجیاکانی سنوورەکە بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کردبوو.

بەشداربووانی گردبوونەوەکە ئاڵای یەپەگە، یەپەژە، ھەرێمی کوردستان و وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکەیان بەرزکردبووە، دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "تیرۆریست ئەردۆغان"یان دەوتەوە.

گردبوونەوەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان عەلی لەتیف، ئەندامی ئەنجومەنی ڕێکخراوەکانی بازیان بەیاننامەی گردبوونەوەکەی خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو: لە ئێستادا هاوڵاتیان و بەرپرسانی هەرچوار پارچەی کوردستان، بەرپرسیارێتی ئەخیلاقیی و نەتەوەییان لەسەرشانە، دەبێت هەموومان بەیەک دەنگ خاوەن هەڵوێستبین، یەکگرتوویتمان گەورەترین قەڵغانە بۆ پاراستنی بیری نەتەوەیی و گەیشتنمان بە سەرکەوتن.

ھەر لە گردبوونەوەکەدا وتاری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و کۆنگرە ستار پێشکەشکران، تێیدا ئاماژە بەوەکرا، کە داگیرکاریی دەوڵوتی تورک بەتەنھا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان نییە، بەڵکو داگیرکارییە لەسەر ھەرچوار پارچەی کوردستان، بۆیە پێویستە کوردبە یەکگرتوویی لەدژی ئەو داگیرکارییە بووەستنەوە.

ش.ف