پەرلەمانتارێک دەبێتە فریادڕەس بۆ هاوڵاتیانی کەم دەرامەتی خورماتوو

دوای گەیاندنی کێشەو و داواکاریی و خراپی دۆخی نەتەوە جیاکانی خورماتوو لەلایەن پەرلەمانتارێکەوە بە وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بە بڕیارێکی تایبەتی وەزیر، خەڵکی کەمئەندام، کەم درامەت و بێوەژنان مووچەیان بۆ دابین دەکرێت.


یوسرا ڕەجەب، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، دوای گەیاندنی کێشەو و داواکاری و خراپی دۆخی خەڵکی خورماتوو بە وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، لەلایەن وەزیرەوە سەرپشککراون بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک.

بەپێی بڕیارەکە، خەڵکانی کەمئەندام، کەم دەرامەت و بێوەژنانی خورماتوو کە هیچ موچەیەکیان نییە، لە ڕێگای لیژنەیەکی تایبەتی چاودێری کۆمەڵایەتییەوە، ناونووس دەکرێن و دۆسییەکی تایبەتیان بۆ ئامادەدەکرێت، دوای گەیاندنی دۆسیەکەیان بەوەزارەت لەلایەن ئەندامەکەی لیژنەی مافی مرۆڤەوە، بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخان دەکرێت.

لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧وە، خەڵکی شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، بوون بە ئاوارەی جەنگ و زۆبەیان ماڵوحاڵ و پیشەکانیان لەدەستدا، سەرەڕای زیانە گیانییەکان، دوای گەڕانەوەشیان بۆ زێدی خۆیان لەڕووی ئابوری و گوزەرانەوە بارودۆخیان بەتەواوی خراپبووە، هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم-یش، لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە شارۆچکەکەیان پشتگوێ خستووە.

لەوبارەیەوە یوسرا ڕەجەب، بۆ ڕۆژنیوز دوواو، وتی: بەپێی ئەوەی کە ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤم و بەرپرسی دۆسییەی کەمئەندامانم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆمەڵێک گلەیی و گازەندەی خەڵکمان پێگەیشەت، کە خەڵک بەگشتی و کەمئەندامان بەتایبەتی لە خورماتوو پشتگوێ خراون، بۆ ئەو مەبەستە منیش چەندجارێک چوومەلای وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و چاوپێکەوتنم لەگەڵدا کرد، ئەوەبوو جەنابی وەزیر سەرپشکیانکردم بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.

ئەو پەرلەمانتارە بۆ وەرگرتنی داوای هاوڵاتیان سەردانی خورماتووی کردووە و دەڵێت:"بەشێوازی مەیدانی ڕۆشتمە شارۆچکەکە و لە نزیکەوە بینیم، کە دۆخەکەیان زۆر کارەساتبارە، بۆ ئەو مەبەستەش بە هاوکاری فەرمانبەرانی چاودێری کۆمەڵایەتی شارۆچکەکە لیژنەمان پێکهێناوە و خەڵک ناونووس دەکەین.

هاوڵاتیانی سنوورەکە ئەو بڕیارە بەگرنگ دەزانن، قانع عەباس هاوڵاتییەکی خورماتووە، لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی: شارۆچکەی خورماتوو لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە هەموو ڕوویەکەوە پشتگوێخراوە، نە حکومەتی عێراق و نە حزبە کوردییەکان هیچیان ئاوڕیان لێ نەداوەتەوە، ئەم پرۆژەیە هەنگاوێکی گرنگ و باشە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خورماتوو، بەتایبەتی لەو ڕووەوە کە بۆ هەموو نەتەوەکانە بەبێ جیاوازی، داواکارین بەرپرسەکانیتر چاو لەم پرۆژەیە ببڕن و ئاوڕێک لە شارۆچکەکە بدەنەوە.

س.ح