پەیەدە و تەڤدەم وەڵامی بانگەوازییەکەی یەکێتییان دایەوە

لە دوو ڕاگەیەندراوی جیادا هەریەک لە پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) و تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی (تەڤدەم)، وەڵامی بانگەوازییەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان دایەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەی کوردستانی ڕاگەیاند.


ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی بەبۆنەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا دەستپێشخەریی کۆبونەوە و ميوانداریيكردنی لوتکەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی خستەڕوو، "بۆ پتەوکردنی تەبایی لایەنە سیاسییەکان و یەکڕیزیی گەلەکەمان و یەکخستنی هەڵوێستەکان و ئامادەکاری بۆ رووبەروبونەوەی مەترسیەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان".

ئەو بانگەوازییە لە باشوری کوردستان پێشوازیی لێکرا و ئێستاش تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی- تەڤدەم، لە ڕاگەیاندراوێکدا پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەی تەڤدەم هاتووە: تورکیا بە هێرشە دڕندانە و فاشیستانەکەی لەدژی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، یاسا و پەیمانە نێونەتەوەییەکان پێشل دەکات، لە ئەنجامی ڕێککەوتنی دەوڵەتی تورک و هەندێک دەوڵەتی دیار لە سەرویانەوە ڕوسیا و ئەمریکا ئیرادەی گەلی کورد کراوەتە ئامانج.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی تەڤدەم هاتووە: هەلومەرجەکانی ئێستا لە سەرمان فەرز دەکات کە لە بەرامبەر شەهیدان و گەلەکەمان وەفاداربین، ئێمە ئەم هەنگاوە وەک هەنگاوێک بەرەوە دروستکردنی یەکڕیزی ڕیزەکانی کورد و دوور لە ئەجیندای حیزبایەتی دەبینین، چونکە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد و بەها جەوهەرییەکانی لە هەموو شوێنێک دەپارێزێت، ئێمە بانگەوازیی برامان کوسرەت ڕەسول بۆ کۆبوونەوەی کوردستانی بە ئەرێنی دەزانین.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەی پارتی یەکێتی دیموکراتی- پەیەدە،ش هاتووە: هەموو هێزە کوردستانییەکان لەسەر بەرخۆدانێک کە ئێستا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەرامبەر فاشیزمی تورک بەڕێوەدەچێت، شانیان داوەتە شانی یەک، لەلای خۆمانەوە ئەو خەباتانە بەرز دەنرخێنین و بۆ هەڵویستە شکۆمەندەکانیان سوپاسی هەموو پارت و هێزەکانی کوردستان دەکەین.

هەروەها هاتووە: بەڕێز کوسرەت ڕەسول بانگی لە پارت و هێزە کوردییەکان کرد کە کۆنگرەیەکی گشتی ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەو شتانەی لە ناوچەکە ڕوو دەدەن و پێشهاتە چارەنوسسازەکان بۆ هەموو گەلان بە تایبەت گەلی کورد ڕیزەکان یەکبگرن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی پەیەدە هاتووە: وەک پارتی یەکێتی دیموکراتی- پەیەدە، ئەو بانگەوازییە بە ئەرێنی دەبینین، کە لە کاتی خۆی دراوە، لەلایەن خۆمانەوە بۆ یەکێتی ڕیزەکانی کورد لەم قۆناغە مێژووییەدا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەپەڕێت، ئەوەی پێویست بکات پێکدێنین، باوەڕمان وایە یەکێتی ڕیزی کورد، ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکە پێکدێنێت و مافی دیموەکراتیانەی گەلەکەمان دەچەسپێنێت.  

ک.س