چاڵە بەفرەکان سەرچاوەی ئاون بۆ کۆچەرییەکانی سەر چیای كاروخ

هەر چەندە سەر لوتكەی چیای كاروخ كانیاوی لێ نییە، بەڵام كەش و هەوای سازگار و بوونی بەفر بەدرێژایی ساڵ، وایكردووە كۆچەری و مەڕدارەكان بەرەو لای خۆی پەلكێش بكات، چاڵە بەفرەکانیش بوونەتە سەرچاوەی دابینکردنی ئاو بۆ کۆچەرییەکانی سەر ئەو چیایە.


كۆچەرەکانی عەشیرەتی خۆشناو لە سنوری گوندەكانی شارەدێی بێتواتەی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین لە وەرزی هاویندا بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانیان ماوەی ٥۰ ڕۆژێك دەچنە سەر لوتكەی چیای كارۆخ، لەوێ لەگەڵ ئەوەی ژیان سەخت و قورسە، بەڵام ژنان و پیاوانی کۆچەری بەچێژێکی زۆرەوە لە ناو سروشتێکی جواندا ژیان بەسەر دەبەن، ڕۆژنیوز لە نزیکەوە ژیان و گوزەرانی ئەو هاوڵاتیانە بەسەر دەکاتەوە.

یەكێك لەو هاوڵاتی و کۆچەریانەیە کە ساڵانێكی زۆرە بۆ بەخێوكردن و لەوەڕاندنی ئاژەڵەكانی دەچێتە سەر چیای كارۆخ، محەمەد ئەمین قادرە، کە بەمشێوەیە باسی لە هاوینە گەشتەكەیان كرد "ئەمساڵ بە هۆی بارینی بەفری زۆر چەند ڕۆژێك لە مانگی حوزەیران تێپەڕی بۆیە درەنگ كەوتین بۆ هاتنمان بۆ سەر چیای كارۆخ ساڵانی ڕابردوو مانگی ئایار دەهاتین بۆ كوێستانی كارۆخ".

وەك كۆچەرییەكان باسی دەكەن، ژیان لە سەر چیای كارۆخ یەكجار زەحمەتە بەتایبەتی لەو ڕووەی كە هیچ كانیاوێك یان سەرچاوەیەكی ئاوی لێ نییە، تەنیا چاڵە بەفر نەبێ کە ئەو چاڵە بەفرانە سروشتین و بوونەتە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بۆ كۆچەرییەكان و بۆ ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتەكانیش.

كۆچەرییەكان بەمجۆرە باس لەچۆنیەتی سود وەرگرتن لەو چاڵە بەفرانە دەكەن، بەیانیان زوو چەند كەسێكمان لە خەو هەڵدەستین و دەچینە سەر چاڵە بەفرێك، كەسێكمان بەفرەكە دەبڕێت و دوو كەسیش بە گوێدرێژ و بار دەیهێنێت بۆ سەر بیرێك كە مەڕ و ماڵاتەكان ئاوی تێدا دەخۆنەوە.

مەڕدارەكان هەندێك لە چاڵە بەفرەكان بۆ مەڕ و ماڵاتەكان بەكاردێنن و هەندێكیشیان بۆ تواندنەوەی بەفرەكە بۆ خواردنەوەی خۆیان سودی لێ‌ وەردەگرن.

لوتكەی چیای كارۆخ هەندێك چاڵە بەفری تێدایە، هیچكات بەفری لێنابڕێت و بەدرێژایی ساڵ بەفری تێدایە و ئەوەش بایەخێکی زیاتری داوە بە ناوچەکە.

ژنان کە ڕۆڵی گرنگییان هەیە لە کاروباری مەڕداریدا، لەسەر چیاکە زیاتر لە پیاوان ماندوو دەبن لەو بارەیەوە عایشە قادر، یەكێک لەژنانی عەشیرەتی خۆشناوەتی باس لە چۆنیەتی ژیانیان دەكات و دەڵێت: "ژیان لێرە بۆ ئێمە خۆشی و ناخۆشیشی تێدایە، بەتایبەتی بۆ ژنان ئەركەكان قورسترن، چونكە بە دوو دەستە دابەش دەبین بەشێكمان ئەركی خواردن ئامادەكردن و پاك و خاوێنی ماڵ لە ئەستۆ دەگرین و بەشێكی دیكە كاری دۆشین و ئامادەكردنی پەنیروهێنانی بەفر لە ئەستۆ دەگرین، پیاوانیش كاری شوانی و دارهێنان لە ئەستۆ دەگرن".

یەكێك لەو كارە سەرەكییانەی مەڕدارەكان لە چیای كارۆخ ئەنجامی دەدەن بریتیە لە دروستكردنی پەنیر، دروستكردنی پەنیریش زەحمەتی خۆی هەیە، سەرەتا پەنیرەكە لە پێستی ئاژەڵێك دەكەن بۆئەوەی تامی خۆش ببێت و دوای ۱۰ ڕۆژ لە پێستەكە دەریدەهێنن و دەیخەینە ناو دەبە، هەر چەندە ماندوو بوونێكی زۆری هەیە، بەڵام تاموچێژی پەنیرەكە لەدواییدا ماندوێتی مەڕدارەكان ناهێڵێت.

ک.س