چه‌مچه‌ماڵ، له‌ ڕووداوێكی ته‌قه‌كردندا دوو کەس برینداربوون

له‌ ڕووداوێكی ته‌قه‌كردندا، له‌ ناوبازاڕی چەکفرۆشەکانی شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، دوو هاوڵاتی برینداربوون، ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ش به‌ره‌و جێگایه‌كی نادیار هه‌ڵهاتووە.


پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، له‌ شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی ڕووداوێكی ته‌قه‌كردن ڕوویدا.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی چه‌مچه‌ماڵ، به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند، ڕووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ بووه‌ له‌نێوان دوو بنه‌ماڵه‌، كه‌سێكی بنه‌ماڵه‌یه‌كیان هه‌ستاوه‌ به‌ ته‌قه‌كردن له‌ كه‌سێكی بنه‌ماڵه‌ی به‌رامبه‌ر و برینداریكردووه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كه‌سێكی دیكه‌ له‌ نزیك ڕووداوه‌كه‌ بریندار بووه‌.

ڕووداوه‌كه‌، له‌ناوبازاڕی چه‌كفرۆشه‌كان بووه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ی ته‌قه‌ی كردووه، هه‌ڵهاتووه‌ و تا ئێستا ده‌ستگیرنه‌كراوه‌ و پۆلیس زانیاری له‌سه‌ر ده‌ست كه‌وتووه‌ و هه‌موو ڕێكارێكی یاسایی به‌رامبه‌ری گیراوه‌ته‌ به‌ر بۆ ده‌ستگیركردنی.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، شه‌ریف مه‌لا ڕه‌حیم، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی چه‌مچه‌ماڵ، به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگه‌یاند، دوو كه‌س هێنراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی چه‌مچه‌ماڵ و هه‌ردووکیان برینداربوون‌، یه‌كێكیان پیشه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ و ته‌مه‌نی  ٤٥ ساڵه‌ و ئه‌وی دیكه‌یان كاسبکارە‌ و ته‌مه‌نی ٣٠ ساڵه‌ و هه‌ردووکیان چاره‌سه‌ریان بۆ كراوه‌ و برینه‌كانیان سووكه‌.

ک.س