چۆنیەتی پەروەردەکردنی منداڵ گفتوگۆی لەبارەوە کرا

لە گفتوگۆیەکدا لە شاری سلێمانی، تیشک خرایە سەر پەروەردەی دروستی منداڵان و ئاماژە بەوە کرا، کە دەبێت پەروەردەکردنی منداڵ لەسەر بنەمای دڵسۆزیی و کۆمەڵگابوون و پێکەوەبوون بێت، بەڵام تەکنەلۆجیا ژیانێکی جیاوازی بۆ تاک و منداڵ خوڵقاندووە و پەرتەوازەی کردووە.


ئەمڕۆ لە هۆڵی یەکێتی ژنانی کوردستان لە شاری سلێمانی، سمینارێک بۆ نیاز محەمەد، کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژی پەروەردە ڕێکخرا بە مەبەستی قسەکردن لە سەر چۆنیەتی پەروەردەکردنی منداڵ.

لەو سمینارەدا، بە داتاشۆ باس لە پەروەردەکردن بەپێی بیروڕای زۆرێک لە فەیلەسوفان و پێناسە جیاوازەکانی کرا، هاوکات لە لای زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگاش لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، بۆ ئەمەش لە لایەن ئامادەبووانانەوە نمونەی کەسەکان هێنرایەوە کە لە ناو کۆمەڵگادا چۆن هەڵسوکەوت دەکەن بەرامبەر یەکتر و ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، کە تووڕەبوونی کەسێک نابێت بە خەفەت یان ڕق بەرامبەری بوەستینەوە، بەڵکو دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هۆکارەکان و پەروەردەیەکی لە پێشینە.

نیاز محەمەد، باسی لەوەکرد، کە چەندە متمانە و خۆشەویستی بۆ خەڵک زیاد دەکرێت دەبێت ئەوەندەش پەروەردە بکرێت، کە خەم بۆ خەڵک و کۆمەڵگا بخۆن، لە جیهانی سروشتیی و کۆمەڵایەتیی دوورنەخرێنەوە، بەڵام تەکنەلۆجیا ژیانێکی جیاوازی بۆ تاک و منداڵ خوڵقاندووە، بە لایەنی پەرتەوازەبوون و خراپ بەکارهێنانی، هەڵبەت چارەسەرییەکانیش دەکەوێتەوە سەر دایک و باوک.

سەبارەت بە بوونی یاسا لە ماڵدا، ئەو کۆمەڵناسە، وتی: هەموو کێشە یاساییەکان دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆسەی پەروەردە، چونکە لە پەروەردەدا یاسا بە کار نەهاتووە و لە ماڵدا هیچ یاسایەک نییە بەڵکو ڕێنماییکردنە بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگا نادیارەکان، ئەوە سیستمە کە خاوەن یاسایە، بۆیە ئێمە تێڕوانینەکانمان هەڵەیە بۆ پەروەردە و بە شێوەی غەریزیی و سۆزدارییە.

نیاز محەمەد، ڕەخنەی لە سیستمی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان-یش گرت، کە وەک پێویست گرنگیی بە پەروەردەکردنێکی دروستی منداڵان نەداوە.

سمینارەکە زیاتر لە چوارچێوەی شێوازی پرس و وەڵام و گفتوگۆدا بوو، ڕا و سەرنجی ئامادەبووان بۆ چۆنیەتی پەروەردەکردنێکی تەندروست وەرگیرا و دایکان و باوکان هۆشیارکرانەوە بۆ چۆنیەتی پەروەردە کردنی منداڵەکانیان.

ش.ف