چیرۆکی ژیانی پینەچییەکی گەڕۆکی خاوەنپێداوستیی تایبەت لە شارەزوور

خاوەن پێداویستییەکی تایبەتلە شارەزوور، ڕۆژانە بە ماتۆڕ سکیلەکەی بەکاری پینەچییەتی بژێوی ژیانی دابین دەکات، لە بارەی کارەکەیەوە دەڵێت: كارەكەی باش نییە و ڕۆژ هەیە پێنج هەزار دیناریشی دەست ناکەوێت،لەگەڵ ئەوەش هاوسەرەکەشی خاوەن پێداویستی تایبەتە ونەشتەرگەرییەکی پێویستە کە ٢٠٠٠٠ دۆلاری تێدەچێت.


حسێن قادر، دانیشتووی شارۆچكەی شارەزووری سەر بەپارێزگای سلێمانییە، وەکخۆی بۆ ڕۆژنیوزی باس کرد بەهۆی هەڵەی پزیشکێکەوە کەمئەندام بووەو لە ژیانێکی ناخۆش و پڕ ناڕەحەتیدا دەژی بۆیە بە ناچاری پەنای بۆ ئەوە بردووە بەماتۆڕسکیلەکەی بەشێوەی گەڕۆک کاری پینەچێتی بکات.

حسێن قادر کە لەڕێگەی پیشەکەیەوە بژێوی خۆی و ژن و کچە تاقانەکەی دابین دەکات، پێشتر هاوسەرەکەی بەهۆی سەختی ژیانەوە پێنج منداڵی دیكەی لەبارچوون، ئێستاش هاوسەرە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەی، پێویستی بەنەشتەرگەرییەکەکە پزیشکەکەی پێی وتووە پێویستی بە ٢٠ هەزار دۆلارە، حسەین دەڵێت: لەپاڵ ئەو بارە قورسەی ژیاندا سوپاس گوزارە، چونکە هیچ دەسەڵاتێكی نیە، دەشڵێت:ئەگەر خێزانم نەشتەرگەریی بۆ نەكرێت ڕەنگە دوو ساڵی دیكە نەژی، جگە لەوەش باوكی نەخۆشەو دایكیشی نابینایە لەگەڵ ژیانە قورسەكەی خۆشیدا جارجار هاوكاری دایك و باوكی دەكات.

لە بارەی کارەکەیەوە حسەین، دەڵێت: كارەكەی زۆرباش نیە لەم كاتەدا هیچ ڕۆژێك نەبووە پێنج هەزار دینار پەیدا بكات، چونكە"ئیشی پینەچێتی كەمەو خەڵكی لەم كاتەدا زۆر پێڵاو چاك ناكەن."

حسێن لەساڵی ١٩٩٤ قاچەكانی لەدەستداوە، بەدوو هۆكار، کە هۆکارێکیان زکماکی و ئەوەی دیکەش بەهۆی دەرزیی لێدانەوە بووە، کە ئەو پزیشکەی وایلێكردوە، جگە لەم شەش كەسی دیكەشی كەمئەندامكردووە، "ئەو پزیشکە ئێستا لەناو دەسەڵاتدایەو پاسەوانی تایبەتی هەیە".

حسێن، كاتێك ژیانی هاوسەرێتیپێکهێناوە خەڵك پێیان وتووە كەمئەندامە و ژیانی پێ بەڕێوەناچێت،بەڵام ئێستا ئەو بە ماتۆڕسکیلەکەی و کاری پینەچێتییەکەی بەشێوەی گەڕۆک لە شارۆچکەکەی کەسێکی ناسراوە، لە پاڵ ماتۆڕەکەشی دوكانێکیشی هەیە كاری تێدا دەكات، هەندێک جاریش بەشێك لە پێڵاوەکان لەماڵی خۆیدا چاك دەكاتەوە بۆ هاوڵاتیان.

حسێن قادر، سەبارەت بەپیشەو كارەكەی زیاتر دوا و وتی "لەساڵی ٢٠١١وە تائێستا بەردەوامئەم ئیشە دەكەم، بەڵام بژێوی ژیانم بەڕادەیەكی كەم دابین دەكات، هەرچەندە پارەی كەمیش پەیدا بكەم كێشە نیە، چونكە ئیشەكە بۆمن گونجاوو ئاسانە، تەنها توانای ئەم ئیشەم هەیە بیكەم، قاچ و سنگم تەواو نیە، ئەگەر بێت و نیوكاتژمێر بەپێ بڕۆم بەدەم ئازارەوە دەتلێمەوەو ناتوانم بەبێ‌ دارشەق و ماتۆڕەكەم بۆ هیچ شوێنك بڕۆم."

حسێن، دەشڵێت:"دەمەوێت بەدەستی خۆم بژیم، تائێستا دەستم لەكەس پان نەكردۆتەوە داوای هاوكاری لەخەڵك بكەم بۆ ئەوەی بژێوی ژیانم بەڕێبكەم، بەڵام زۆر بەزەحمەت لەم كاتەدا دەتوانم كرێی دوكانەكەم دەربكەم، چونکە هەندێك جار جوتێك پێڵاو بۆ كەسێك چاكدەكەم دەڵێم بە هەزارو ٥٠٠ دینار، بەڵام دەڵێت: زۆرە ناچار تەنها هەزار دیناری لێوەدەگرم بەو جۆرە ویژدانم ئاسودە دەکەم كاتێك هاوكاری كەسانی وەك خۆم هەژار دەكەم، جگە لەوەش ئەو كەسانەی بەتەمەنن یان كەسیان نیە پێڵاوەكانم بۆ بێنێت بۆ دوکان خۆم دەچم پێڵاوەکانیان دەهێنم بۆیان چاک دەکەمەوە و بۆیان دەبەمەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا حسێن قادر، داواكارییەكی هەبوو لە خێرخوازان کە ئاوڕێك لەژیانی كەمئەندامان بدەنەوە، داواشی لەكەسانی خێرخوازو سەرمایەدار کرد"ئەگەر كەسێك بتوانێت هاوکاریمبکات یان ماتۆڕێكی نوێمبۆ دابین بکەن چونکە زۆر پێویستم بەماتۆڕێكە ڕۆژانە هاتووچۆی دوکانەکەم و کارەکەمی پێ دەکەم".

ک.س