چەمچەماڵ، ژمارەیەك كارمەندی پۆلیس و ئاسایش برینداربوون

لە شارۆچكەی چەمچەماڵ بەهۆی شەڕە تەقەوە ژمارەیەك كارمەندی هێزە ئەمنییەكان لە پۆلیس و ئاسایش بریندار بوون و داواكراوێكیش بریندار بوو.


شەوی ڕابردوو لە شارۆچكەی چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی هێزە ئەمنییەكان چوونە سەر ماڵی داواكراوێك، بەڵام داواكراوەكە خۆی ڕادەست نەكرد و بەو هۆیەشەوە شەڕە تەقە ڕوویدا.

ئەیوب حەمە، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن وتی: شەوی ڕابردوو دوو كارمەندی پۆلیس و سێ كارمەندی ئاسایش كە بەهۆی فیشەكەوە برینداربوون هێنرانە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ، لەهەمان كاتدا بریندارێكی مەدەنی-یش تەمەن ٢٣ ساڵ هێنرایە نەخۆشخانە و بە وتەی ئەو كەسانەی لەوێبوون ئەو گەنجە كەسە داواكراوەكەیە.

وتیشی: كارمەندێكی برینداری پۆلیس و ئاسایش ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی كراون، تۆمەتبارەكەش بەهۆی سەختی برینەكەیەوە نەتوانراوە ڕەوانەی سلێمانی بكرێت و لە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو نەشتەرگەریی بۆ كرا و نەشتەرگەرییەكە سەركەوتوو بووە.

بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنیوز، گەنجە داواكراوەكە لەلایەن دادگاوە بەگوێرەی مادەی (442) و (406)ی یاسای سزادانی عێراقی داواكراوە، هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی سنورەكەش ڕۆیشتوون بۆ دەستگیركردنی، بەڵام تۆمەتبارەكە خۆی بەدەستەوە نەداوە و بەهۆیەوە شەڕ دروست بووە.

هەر بەپێی زانیاریەكانی ڕۆژنیوز، ژمارەی بریندارەكان زیاترن، بە شێوەیەك جگە لە برینداربوونی دوو كارمەندی پۆلیس، پێنج كارمەندی ئاسایشیش بریندار بوون، هەروەها گەنجە داواکراوەکە باوکیشی لەگەڵ بووە، کە ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە، بەڵام باوکی هەڵهاتووە.


ك.ك/ئ