ڕاپەڕین، ٥٣ کەس بە سوتان و خۆسوتان، کوژران و خۆکوشتن گیانیان لەدەستداوە

ساڵی ڕابردوو لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین ٥٣ کەس بە ڕووداوەکانی سوتان و خۆ سوتان، کوشتن و خۆکوشتن گیانیان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ئاماری ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٨ی سنووری بەڕێوبەرایەتییەکەیانی خستەڕوو.

بەپێی ئامارەکە لە ساڵی ڕابردوودا ١٢٨ کەس لە ئەنجامی ڕووداوی جۆراوجۆر گیانیان لەدەستداوە، کە ٣١ کەسیان لە ئەنجامی ڕووداوی هاتووچۆ بووە.

هەروەها، بە ڕووداوی سوتان ١٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە ١٠یان پیاو و هەشتیان ژن بوون، شەش ژن-یش خۆیان سوتاندووە.

هەر بەگوێرەی ئامارەکە، ٢٣ کەس لە ئەنجامی کوشتنی بە ئەنقەست گیانیان لەدەستداوە، کە ٢٠یان پیاو بوون.

١٢ حاڵەتی خۆکوشتن-یش هەبووە، کە شەشیان پیاو و شەشەکەی دیکەش ژن بوون.

هەر لەناو ئەو ڕووداوانەدا، بەربوونەوە و خنکان ژمارەیەکی زۆریان بەرکەتووە و نۆ کەس لە ئەنجامی بەربوونەوە گیانیان لەدەستداوە، حەوت پیاو و یەک ژن-یش لە ئاودا خنکاون.

ڕووداوەکانی دیکەش بریتیبوون لە تەزووی کارەبا، کرێکار لەکاتی کاردا و چەند ڕووداوێکی دیکە.

ش.ف