ڕاگەیاندنەکان نابیستانیان بێبەشکردووە لە هەواڵ و زانیارییەکانیان

بە تەنها لە سنوری پارێزگای سلێمانی نزیکەی ١٥٠٠ نابیست هەیە، بەڵام لەئێستادا هیچ بەرنامە و كاتێکی تایبەت لە تیڤییەکاندا نییە بە زمانی ئاماژە پێشکەش بکرێت، بۆ ئەوەی نابیستان سودمەندبن، بەڕێوەبەری بەشی هەواڵی كەناڵێكیش هۆكارەكەی بۆ نەبوونی كەسی پسپۆڕ لەوبوارە دەگەڕێنێتەوە، نابیستانیش دەڵێن: "لەكەناڵەكان تەنها دیمەنەكان دەبینین و نازانین باسی چی دەكەن".


لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە كەناڵە بینراوەكانی جیهان، بەرنامەی تایبەت بە نابیستانیان هەیە و بەشێوەی زمانی ئاماژە پێشكەشی دەکەن بۆ ئەوەی نابیستانیش سودمەندبن لە زانیارییەکان، بەڵام لەهەرێمی كوردستان لەگەڵ بوونی ژمارەیەكی زۆر كەناڵی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی و ئاسمانی، لە ئێستادا هیچ كەناڵێک بەرنامە و هەواڵ بەشێوەی زمانی ئاماژە پێشکەش ناکەن، بۆ ئەوەی ئەوانەی توانای نابیستن و توانای قسەكردنیان نیە لێی تێبگەن و سودمەندبن لێی، ئەوەش لە کاتێکدایە ساڵانی ڕابردوو چەند كەناڵیكی ئاسمانی بە زمانی ئاماژە هەواڵەكانیان پێشكەش دەكرد، بەڵام ئێستا ئەوەش نەماوە.

ڕۆژنیوز، توێژیی نابیستانی بەسەركردوە و فەرەیدون شێرزاد، سەرۆكی كۆمەڵەی كەڕوڵاڵانی كوردستان، كە خۆی توانای بیستن و قسەكردنی نیە و لە ڕێگای زمانی ئاماژەوە بۆ ڕۆژنیوز دووا لە سەرەتایی دەربڕینەکانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئەمە یەكەمجارە ڕاگەیاندنێك بەدەم كێشەكانی ئێمەوە دێت، باسی لەوەشكرد کە "لەساڵی ١٩٩٢ تا ئێستا ئەم كۆمەڵەیە دامەزراوە، ماوەی چەندین ساڵە تەلەفزیۆنەكان نەیانتوانیوە بە زمانی ئاماژە ئەوەی دەمانەوێت بیگوازنەوە تا ئێمەش بتوانین لە هەموو بابەتەكان تێ بگەین، ئێمەش وەك هەر مرۆڤێكی ئاسایی، پێویستمان بە زانیارییەكان هەیە و دەمانەوێت بزانین ڕۆژانە چی ڕوودەدات و ئاگاداری هەواڵ و ڕووداوەكان بین، ئێمە كاتێك تەماشای كەناڵێكیش دەكەین تەنها دیمەنەكان دەبینین و نازانین باسی لەچی دەكات".

هاوکات شكار شاخەوان، سكرتێری كۆمەڵەی كەڕوڵاڵانی كوردستان، ئامارێكی خستە ڕوو كە تەنها لەپارێزگای سلێمانی و دەوروبەری نزیكەی ١٤٥٠ هاوڵاتی هەن كە توانای قسەكردن و بیستنیان نیە، وەك خۆی دەڵێت: ئەمە یەكەمجارە ڕاگەیاندن بەسەرمان بكاتەوە و دەربارەی كێشەیەكی سەرەكی ئێمە قسە بكات و سوپاسی ئاژانسی ڕۆژنیوز دەكەم هیوادارم ئەم چاوپێكەوتنە ببێتە هۆكارێك بۆ ئاوڕلێدانەوەمان لەلایەن كەناڵە تەلەفزیۆنییەكانەوە".

دكتۆر ئێبراهیم سەعید، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی سلێمانی بەپێویستیزانی ئاوڕ لەم توێژە بدرێتەوە و دەزگاكانی ڕاگەیاندن خواستی ئەوان بۆ بەرنامە و هەواڵ بەزمانی ئاماژە بەهەند وەربگرن، باسی لەوەشکرد کە لەگەڵ ئەوەی نابیستان هیچ كەناڵێكی تایبەت بە خۆیان نییە، پێویستە كەناڵە تەلەفزیۆنییەكان لانی كەم لە یەك گەشتی هەواڵیشدا بێت، بێژەرێكی تایبەتیان هەبێت بۆئەوەی بەزمانی ئاماژە هەواڵەكان بگوازنەوە.

لای خۆیەوە هەڵۆ ئەبوبەكر، بەڕێوەبەری بەشی هەواڵ لە كەناڵی ئاسمانی كەی ئێن ئێن، كە پێشتر ئەو كەناڵە زمانی ئاماژەی لەگەشتی هەواڵدا بەكاردەهێنا بۆ ڕۆژنیوز، دووا و وتی: "ئێمە لە سەرەتای دامەزراندنی كەناڵەكەمان بەشێكمان تایبەت كردبوو بە پێشكەشكردنی هەواڵەكان بە زمانی ئاماژە، بەڵام لە ئێستادا نەماوە، چونكە ئێمە كەسێكی پسپۆڕمان نیە كە شارەزایی تەواوی هەبێت لە وشەكانی تایبەت بە هەواڵەكان، پێشتر كارمەندێكمان هەبوو بەزمانی ئاماژە هەواڵەكانی پێشكەش دەكرد، لە ڕووداوێكی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا، ئەمەش كەلێنێكی گەورەی دروستكرد".

وتیشی: "لە ئێستادا هیچ پلانێكمان نییە بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی هەواڵەكان بە زمانی ئاماژە ڕەنگە لەداهاتوودا ئەم بەشە زیاد بكرێتەوە بەڵام دیاری نەكراوە كەی دەبێت".

ک.س