ڕۆژنیوز ئامارێكی مەترسیداری بێكاریی لە شاری كەركوك بڵاودەكاتەوە

بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی كاروباری كۆمەڵایەتیی كەركوك، بێكاریی لەو پارێزگایە لە ئاستێكی مەترسیداردایە و تەنیا لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٤٥ هەزار کەس وەک بێکار ناویان تۆمارکردووە، هاوڵاتیانی شارەكەش دەڵێن: ناكرێت لە شارێكی دەوڵەمەندی وەك كەركوك بێ كاربین.


بێکاریی لە شاری کەرکوک نیگەرانیی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ئەو کرێکارانەی کارەکانیان لەدەستداوە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوایان کرد، کە کارگە داخراوەکانی شارەکە بکرێنەوە، تا بەهۆیەوە هەلی کاردنی زیاتر بڕەخسێت.

بەگوێرەی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز لە جومعە محەمەدئەمین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری كۆمەڵایەتی كەركوكی وەرگرتووە، تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٤٥ هەزار كەس وەك بێكار ناویان تۆماركردووە، ئەمە لەکاتێکدایە، دوای کردنەوەی فەرمانگەکە لە ساڵی ٢٠٠٥ـوە تا کۆتایی ٢٠١٨، ٩٠ هەزار کەس وەک بێکار ناوی خۆیان لە هەمان شوێن تۆمارکردووە.

ئامارەکە نیشانی دەدات، کە بێکاریی لە کەرکوک لە ئاستێکی زۆر بەرز و مەترسیداردایە، ئەو کەسانەشی کاردەکەن، کارەکانیان کەمبووەتەوە و ئامادەن بۆ دەستکەوتنی بژێوییان بە پارەیەکی کەمیش کار بکەن.

ئەحمەد مەلا عەباس، وەستای كارەبایە و هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاماری بێکاریی لە شارەکە گەڕاندەوە بۆ ئەوەی' زۆربەی پڕۆژەكانی شارەکە دراوە بە كۆمپانیا توركیی و عەرەبییەكان ئەوانیش کارەکان دەدەن بە خەڵكی خۆیان و کەمتر کار بە خەڵکی شارەکە دەن'.

هەڵمەت ڕەزا، هاوڵاتیەكی دیكەی شارەكەیە و بە ئاستەم کاری دەست دەکەوێت، ئەو بە توڕەیی و نیگەرانییەوە وتی:"هەردوو حزبی كوردی لەم شارە قوڕیان بۆ كەركوكیان گرتەوە و خۆیان شارەكەیان جێهیشت، من پێشتر كرێكار بووم ئێستا بە مانگیش ڕۆژێك کارم نییە، ناچار ئۆتۆمبێلێكی خراپم كڕیوە كاری تەكسی دەكەم، كاری تەكیسیش نیە، چونكە خەڵكەكە بێ کارە هەمووان كاری تەكسی دەكەن، ناكرێت لە شارێكی دەوڵەمەندی وەك كەركوك بین كەچی كارمان نەبێت".

ئەو هاوڵاتیە، ئاماژەی بە خراپیی دۆخی هاوڵاتیانی کەرکوک بە گشتیی کرد و وتی:"وەستا و كرێكار و بەگشتیی خەڵك، تەنانەت ئەوەی دوكانداریشە لە بازاڕ بێ کارە، بۆیە دەڵێم خوایە گیان ئێمە چ تاوانێكمان كرد وەهامان لێ بەسەر هات".

سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، جومعە محەمەدئەمین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری كۆمەڵایەتی كەركوك،  وتی:"ئێمە وەك فەرمانگەكەی خۆمان چەندین ڕێكارمان گرتووەتەبەر، بۆ ئەو مەبەستە چەندین خولی كاری پیشەییمان كردووەتەوە وەك، چاكکردنەوەی كۆمپیوتەر و مۆبایل و چەندین خولی تر".

بە بۆچوونی جومعە، "هۆكاری بێكاریی لە كەركوك پەیوەستە بە دۆخی ئەمنی شارەكەوە، بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخەكەوە لە كەركوك كەمترین وەبەرهێنان دەكرێت، هەروەها نزیكی داعش لە سنووری كەركوكەوە وایكردووە كە هیچ كۆمپانیایەكی بیانیی لە ئێستادا نەیەتە كەركوك، خراپیی ئابووریی عێراق-یش بەشێكی ترە لە هۆكارەكان".

ك.س