ڕۆژێکی بەفراویی لە گوندی سپیاو

ئەو شەپۆلە بەفرەی لە دوێنێوە ڕووی لە ناوچە کوێستانییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەرگی زیوینی بە باڵای گوندی سپیاو-یشدا کردووە، ڕۆژانی بەفربارین لە گوند تایبەتمەندیی وەردەگرێت، خواردنی گەرم ئامادە دەکرێت و گیای تایبەتیش دەدرێت بە ئاژەڵەکان.


دوێنێ بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاویی و کوێستانییەکانی هەریمی کوردستان باری، یەکێک لەو شوێنانەش، کە بەفر گرتییەوە، گوندی سپیاو سەر بە شارەدێی سەرکەپکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەرینە، ئەو بەفر بارینە هەر چەندە بۆ گوندنشینان زەحمەتیی خۆی هەیە، بەڵام گوندنشینان پێی دڵخۆش دەبن و وەک ڕۆژێکی تایبەت ئەژماری دەکەن.

لەگەڵ ڕۆژهەڵاتندا گەورەکان لە خەو ڕادەبن و  دەست بە کارکردن دەکەن، سەربانی خانووە بەفری سەر خانووە گڵەکانیان ڕادەماڵ و بەباگردێن دەیگڕێن، چرۆ و چەورە، کە گیایەکی کوێستانییە دەدەن بە ئاژەڵەکانیان، پاشان دەیانبەنە دەرەوەی گوند، تا چاوی ئاوانیش بە دیمەنی جوانی بەفر تێر ببێت.

منداڵان یاری بە بەفر دەکەن و ڕۆژانی بەفر بارین لە تەواوی ڕۆژەکانی دیکەی ساڵ بۆ ئەوان خۆشتر و تایبەتترە، دایکانیش خواردنی گەرم ئامادە دەکەن، یەکێک لەو خواردنە تایبەتانەش، کە لە گوندی سپیاو ئامادە دەکرێت ستوکە پەنیر، یان کولێرە پەنیر-ە، کولێرەی دایە هەموان لەدەوری سفرەیەکی سادە کۆدەکاتەوە و خۆشی و شادیی هاوڕێ لەگەڵ بەفر بەسەریاندا دەبارێت.

 

ش.ف