ڕۆژێک لەگەڵ ماسییگرەکانی دەریاچەی دووکان

دەریاچەی دووكان یەكێكە لەو دەریاچانەی كە ماسییگران ڕاوەماسیی تێدا دەكەن و بژێویی ژیانییان پەیدادەكەن.


ڕۆژنیوز، بۆ زانینی چۆنێتی ڕاوەماسیی و ئەو زەحمەتییانەی دێنە بەردەم ماسییگرەكان، بۆ ماوەیەك هاوڕێیەتیی یەکێک لەو ماسییگرانەی كرد لە دەریاچەی دووکان، لە شارۆچکەی دووکان-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی و و پێكەوە چووینە ناو دەریاچەکە بۆ ڕاوەماسیی.

ماسییگران بەیانیان کاتژمێر ٥:٠٠ دەچنە سەر دەریاچەکە و تۆڕەکانیان دەخەنە ناو ئاوەکەوە و ئەو تۆڕانەشی، کە ڕۆژی پێشووتر خستوویاننەتە ناو ئاوەکەوە هەڵیاندەگرنەوە، ئیدی ئەگەر بەخت یاوەریان بێت تۆڕەکان ژمارەیەکی زۆر ماسیی لەگەڵ خۆیان دەهێنن، هەندیک جاریش ژمارەی ماسییەکان کەمە و لە ئاست چاوەڕوانیی ماسییگران-دا نییە.

ماسییگران، تەنیا دانیشتووی دووکان و گوندەکانی ئەو دەوروبەرە نیین، بەڵکو لە زۆر ناوچەی دیکەوە ڕوو لە دەریاچەکە دەکەن بۆ ماسیی گرتن، ئەوانەی نزیکن بۆ گەیشتنیان ماتۆڕسکیل بەکاردەهێنن، ئەوانەشی دوورن بە ئۆتۆمبێل دەچنە شوێنی کارەکەیان لەناو ئەو حەوزەنەی، کە لەناو ئۆتۆمبێلە بارییەکانیان-دا دورستیان کردووە، ماسییەکان کۆدەکەنەوە.

لە دەریاچەی دووکان پێنج جۆر ماسیی هەیە، سورە، زەردە، قوڕاوی، حکومەتی و شەبەح، ماسییگرەکان کڕیاری تایبەت بە خۆیان هەیە و بەشی زۆری ماسییەکان هەر لەسەر دەریاچەکە دەفرۆشن بەو کەسانەی، کە لەناو بازاڕەکاندا ماسیی دەفرۆشن، جگە لەوان خەڵکی دیکەش دەچنە سەر دەریاچەکە و ماسییان لێدەکڕن.

لەسەر دەریاچەی دووکان، ماسیی باش و گەورە بە ٦ هەزار دینارە، ماسیی مامناوەند کیلۆی بە ۳ هەزار دینار و ئەوانی دیکەش بە هەزار دینارە.

ئیسماعیل محەمەد، خەڵکی گوندی سێوکانی سەر بە شارەدێی بنگردی شارۆچکەی دووکانە، ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵی ماسیی گرتنە، لە لیدوانیدا بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی بە گرنگیی سامانی ماسیی کرد بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی و هیوای خواست، کە حکومەت گرنگیی زیاتر بەو سامانە بدات و لەکاتی قەدەغەکردنی ڕاوەماسیی بە باشی پارێزگاری لە دەریاچەکە بکات.

ئیسماعیل، ڕەخنەی لە حکومەتیش هەبوو، کە هەندێك جار گەرای ماسیی خستووەتە دەریاچەكەوە لە جۆرێكی باش نەبوون و لەكاتی گەورەبوونییاندا گەرای دیكەیان خواردووە.

ئەو ماسییگرە، لە کۆتایی لێدوانەکیدا پەیامێکی ئاڕاستەی هاوڵاتیان کرد و داوایکرد، کە لەکاتی قەدەغەکردنی ڕاوەماسییدا ماسیی نەگرن، بۆ ئەوەی زیان بە گەراکان نەگات و بەرهەمی باشیان هەبێت.

ش.ف