ڕۆڵی توێژەرانی كۆمەڵایەتیی لە هۆشیاركردنەوەی خوێندكاران!

بەشێك لەو كچانەی لە هەرێمی كوردستان خۆیان دەكوژن، خوێندكارن، لەگەڵ ئەوەی لە خوێندنگاكاندا توێژەری كۆمەڵایەتی هەن، بەڵام هەست بە ڕۆڵیان ناكرێت لەو بارەیەوە، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش گلەیی لە زانكۆكان هەیە بەوەی وەها توێژەرێك  ئامادەناکەن، کە بتوانن جێدەستیان دیاربێت.


ئەگەرچی ئامارێکی فەرمیی لەبەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی، کە ڕۆژانە بڵاو دەبنەوە، لە باشوری كوردستان، ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتنی كچان لە تەمەنەکانی ١٣ بۆ ١٨ ساڵیدا ڕوو لە زیادبوونە، كە بەشێكیان خوێندكارن، لەگەڵ ئەوەی كە بەشێكی خوێندنگاكان توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونی-یان هەیە، بەڵام بە گشتیی خوێندكاران تا ئێستا نەیانتوانیوە ئازادانە گفتوگۆ لەگەڵ توێژەرەكاندا بکەن و چارەسەری کێشەکانیان لەگەڵدا بدۆزنەوە.

ڕۆژنیوز بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەت کرد و لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ توێژەری كۆمەڵایەتیی خوێندنگاكانیان، دواندنی، ئەوان دەترسان لە توڕەبوون یانیش سزادانیان لەلایەن مامۆستاکانیانەوە، بۆیە ئامادەنەبوون لەبەردەم کامێرادا قسە بکەن، پاش لابردنی کامێرا دەستیان بە قسە کردن کرد.

ئەوان وتیان، کە  ناتوانن کێشەکانیان بۆ توێژەرەكان باسبكەن، چونکە دەترسن لای هەموو مامۆستاکان دەنگبداتەوە، بەشێكی دیكەشیان دەیانوت، توێژەران وەکو پێویست گوێیان لێناگرن و کێشەکانیان لەگەڵدا چارەسەر ناکەن.

لەتیف حسێن، توێژەرێکی کۆمەڵایەتییە لە خوێندنگایەكی بنەڕەتی شاری سلێمانی، لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد، وتی: خێزانەکانیش ئیتر لەوە تێگەشتوون کە ئەرکی خوێندنگا جگە لە فێرکردن، پەروەردەکردنیشە، کە ئەم پەروەردەیە ئەرکێکی گەورەیە لەسەر شانی توێژەرانی دەروونیی و کۆمەڵایەتیی و بە هاوکاریی خێزان و مامۆستایان، بۆ ئەوەی ئەو پەروەردە تەندروستەی کە پێویستدەکات هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ خوێندندا بڕوات.

لەتیف حسێن، پێشی وایە، كە دەبێت توێژەر نهێنیپارێز بێت، ئەرکیەتی لە سەرەتای دەستپێکرنی خوێندندا بتوانێت ئەو متمانەیە لە نێوان خۆی و خوێندکاراندا دروستبكات، هەروەها میكانیزم و ڕێگای گونجاو بگرێتەبەر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خوێندکارندا.

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە، بە ئەرکی توێژەرەکانیشی زانی، کە هۆشیاریی بدەنە خوێندکاران و هاوکاریی ئەو کەسانە بکەن، کە بیری خۆکوژی دەچێتە مێشکیانەوە، بۆ ئەوەی دەربازیان کەن لەو بیرکردنەوە خراپە.

هەرچەندە، لەتیف حسێن، ئەرکەکانی توێژەری کۆمەڵایەتیی دەستنیشان کرد، بەڵام بەگوێرەی وتەی خوێندکارانی چەند خوێندنگایەکی ناو سلێمانی لە شارەزوور، ئەو توێژەرانە ئەرکی خۆیان پێکناهێنن و زیاتر ڕۆڵی کاتب یانیش کاتیبە دەبینین.

سەبارەت بە ئاگاداریی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاری ئەو توێژەرانە، سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، بە ڕۆژنیوزی وت، كە ئاگاداری شێوازی كاری توێژەرەكانن و زۆربەیان بە باشی کارەکانیان ئەنجام دەدەن، وتیشی:"ڕەنگە توێژەری ناکارامەش ھەبێت لە هەندێك لە خوێندنگاكاندا".                                                                          

وتەبێژەكەی وەزارەتی پەروەردە گلەییشی لە زانكۆكان هەیە لە پێگەیاندنی توێژەرانی كۆمەڵایەتیی و وتی:"کێشەی بنەڕەتیی لە زانکۆکاندایە، کە توێژەرێكی كۆمەڵایەتیی وا ئامادەناکەن کە دواتر بتوانێت لە خوێندنگاکاندا ڕێنمایی بدات، هەروەها لە ئێستادا پرۆگرامەکانی بەشی کۆمەڵناسیی ھیچ پەیوەندییەكی بە ڕێنماییکردنەوە نییە، بۆیە بەشێکیان شارەزاییان نییە لە چۆنێتی ڕێنماییدان".

بەوتەی سیوەیلی، ئەمساڵ هەموو توێژەران خولیان بۆ دەکرێتەوە، دەشبێت توێژەر بۆ هەر خوێندكارێك فۆڕمی زانیاریی تایبەت دروستبكات، هەروەها تۆمارێكی تایبەت بەو چالاکییانە هەبێت کە توێژەر ئەنجامیاندەدات.

لێدوانەکەی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە نیشانی دەدات، کە وەزارەتی پەروەردە لەچوارچێوەی پسۆرێتیی خۆیان ئەرکی توێژەرە کۆمەڵایەتیی و دەروونییەکانی ناو خوێندنگاکانی دەستنیشان نەکردووە، ئەوەندەی ئامانج ئامانج دامەزراندن بووە لەپێناو کەمبوونەوەی فشارەکان لەسەریان، ئەوەندە ئامانج خزمەتکردن بە خوێندکاران نەبووە. 

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی شەش هەزار و ٧٠٠ خوێندنگا لە ھەرێمی کوردستاندا هەن، بە گشتییش نزیکەی هەزار و ٨٠٠ توێژەری کۆمەڵایەتیی و دەروونیی لە خوێندنگاکاندا دامەزراون، سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ئاشراشیی کرد، وەک بەڕێوبەرانی توێژەری کۆمەڵایەتیی وەزارەتی پەروەردە داوایان کردووە، کە ٥٠٠ توێژەری كۆمەڵایەتیی دیكە دابمەزرێنیرێن بۆ خوێندنگەكان.

ش.ف