ڕێگری لە چوونە هەولێری مەحمود سەنگاوی دەکرێت و یەکێتیش هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند

لەسەر ڕێگری لە مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ شاری هەولێر، وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند: یەكێتی ڕێگریكردن لە هاتووچۆی هاولاتیان قبوڵ ناكات و ڕێگریکردن لە مەحمود سەنگاوی مایەی قبوڵ نییە.


ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنووری هەولێرەوە، ڕێگری لە مەحمود سەنگاوی کرا بچێتە ئەو شارە بۆ بەشداربوونی لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی، دوای ڕێگرییەکەش لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا هەڵوێستی حزبەکەیانی لەم بارەیەوە ئاشکراکرد.

وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لەكاتی هاتنی بۆ كۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی لە شاری هەولێر، ڕێگری لە مەحمود سەنگاوی كراوە، كە ئەوە كارێكی نایاساییە و حكومەتی هەرێمی كوردستان لێی بەرپرسیارە، چونکە ئەوە پێشێلی مافی هاوڵاتیانە، كە ئەوەش مایەی قبوڵكردن نییە.

لەتیف شێخ عومەر وتیشی: ئەوەی كە دەیەوێت كوردستان دابەش بكات، ئێمە وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان قبوڵی ناكەین.

جێگای ئاماژەیە، لە ١٨ی مانگی شەشی ئەمساڵدا، لە وتارێکی ڤیدیۆییدا، مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان- ی ن ک، بەتوندی هێرشی کردە سەر پارتی و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، و لە بەشێکی قسەکانیدا وتبووی:"لەبەرخاتری میللەت شتی زۆرمان لە پارتی قبوڵكردووە، بەڵام لەمەودوا نە سوكایەتی قبوڵ دەكەین و نە خۆمان لەپارتی بەبچوكتر دەزانین، بەڵكو خەباتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەرووی پارتییەوەیە، ئەو تاوانبار و خۆفرۆشانەی پێشمەرگەیان ڕادەستی بەعس دەكرد ئێستا لای مەسعود بارزانین و ئەویش هیچ شەرم ناكات خۆی لە یەكێتی بەگەورەتر دەزانێت".

سەنگاوی ڕوو لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی وتبووی "ئەگەربچوك نەبووایە لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاو مام جەلالەوە وازی لەپارتی دەهێناو دەیوت سەرۆكی كوردە و چ كێشەیەكتان هەیە وەرنەلای من، نەیتوانی ببێتە پیاوێكی گەورە سەركردایەتی كورد بكات".

س.ح