ژمارەی کوژراوەکانی کێشە کۆمەڵایەتییەکەی ڕواندز زیادیکرد

یەکێک لە بریندارەکانی کێشە کۆمەڵایەتییەکەی سنووری شارۆچکەی ڕواندز گیانی لەدەستدا، تاوەکو ئێستاش کێشەکە بەردەوامیی هەیە.


ئەمڕۆ لە گوندی گەرەوان لە سنوری شارۆچكەی ڕواندزی سەر بە شاری هەولێر، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا ڕوویدا.

سەعدوون هاودیانی، وتەبێژی پۆلیسی سۆران، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: یەکێک لە بریندارەکانی شەڕەکەی ئەمڕۆی گوندی گەوران بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

پێشتر ڕاگەیەندرابوو، کە لە ئەنجامی ئەو کێشە کۆمەڵایەتییەدا، کەسێک بەناوی نەوزاد شێخە کوژراوە، کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٨١ بووە و پیشەی پێشمەرگە بووە، هەروەها دوو کەسی دیکەش بریندارببوون.

ئەو بریندارەی کە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، ناوی (ش،ع،ق)، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨١ بووە و کارمەندی پۆلیسی فریاکەوتنی شارۆچکەی ڕانیە بووە.

بەگوێرەی پۆلیسی سۆران، هۆکاری ئەو کێشە کۆمەڵایەتییە گەڕاوەتەوە بۆ شەڕێکی ساڵێک پێش ئێستای نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە، کە تاوەکو ئێستا تۆمەتبارەکانی ئەو شەڕە دەستگیرنەکراون، ئەمڕۆش شەڕ لەنێوانیاندا دروستبووەتەوە.

لەئێستاشدا دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک بەناوی (ح،ع) دوو کوڕی بەناوەکانی (ب،ح) و (ک،ح) دەرکردووە و تاوەکو ئێستاش کێشەکە بەردەوامە و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشیش لە حاڵەتی ئامادەباشیدان لە گوندەکەدا.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢١٠ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.
 

ب.ل