ژنانی هەڕەشەلێکراو لە ماڵێ داڵدەدان ناڕەزایەتییان دەربڕی

ژنانی ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێكراوی سلێمانی، دەربارەی دۆخی شوێنەکەیان ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڕێوبەری کارو کاروباری کۆمەڵایەتیش بانگەشەی ئەوە دەکات، کە بە هۆی بەکارهێنانی مۆبایلەوە بووە، هاوکات ڕێگرییان لە تیمێکی ڕۆژنیوزکرد، کە سەردانی ژنان بکات.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێكراوی سلێمانی، کە دەکەوێتە گەڕەکی قڕگە لە شارەکە، وەک ناڕەزایەتی دەربڕین ژنان ویستویانە بیسوتێنن، بەڵام ڕێگرییان لێکراوە.

ماڵێ داڵدەراوان، تایبەتە بەو ژنانەی کە هەڕەشەی کوشتن و لێدانیان لە لایەن کەسوکار و هاوسەرەکانیانەوە لەسەرە، بەپێی یاسای ئەو خانەیە "بەکارهێنانی مۆبایل قەدەغەیە لە پێناو پاراستنی ژیانیان".

ناڕەزایەتییەکانی ژنان لەو شوێنە، لە کاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٣ ژنێک لە ماڵێ داڵدەانی ژنانی هەڕەشەلێکراو خۆی سووتاند، هەروەها لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨ هەر لە ماڵێ ژنانی داڵدەدراو لە شاری سلێمانی، ژنێك بە ناوی (ك.ح، ك)، بە هۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە و بۆ ماوەی نۆ مانگ لەو ماڵە بووە، دوای ئەوەی هەواڵی چارەسەرنەبوونی داواكەی لە دادگا پێگەیشتووە، كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دەربارەی ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ، عومەر گوڵپی بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی بە ڕۆژنیوزی وت: لە خانەی داڵدەدراواندا، لە کاتی بەکارهێنانی مۆبایلدا یاخود نانەوەی ئاژاوە، دەبێت ئەو کەسەی کە مەترسی لە سەر ژیانی هەیە بە پێی بڕیاری دادوەر، دوای سکاڵا کردن، تەوقیف بکرێت و ئەگەر باشبوو و چاکسازی لە خۆیا کرد دێتەوە ناو ماڵەکە، بەڵام ئەگەر نا بە پێچەوانە ڕەفتاری لە گەڵ دەکرێت، وە ئەوانەیشی کە مەترسییەکی وا لە سەر ژیانیان نییە دیسان پێویستە دووربکەونەوە لە بەرکارهێنانی مۆبایل، چونکە مەترسی هەیە بۆ سەر ژیانی زۆربەیان، چونکە لە بەر هەڕەشەی کوشتن داڵدە دراون.

ڕۆژنیوز هەوڵیدا بچێتە ناو ماڵەکەوە و ژنانی داواکانی ژنانی ناڕازیی بگەیەنێت، بەڵام لەلایەن پاسەوانەکانەوە ڕێگری لێکرا.

س.ح