ژنان و منداڵان قوربانی یەکەمی جەنگەکانن

بەردەوامی جەنگ و داگیركاری دژی كوردان قوربانی زۆری لێكەوتووەتەوە، بەتایبەتی لە ناو ژنان و منداڵاندا، لە ئێستاشدا داگیركاری دەوڵەتی تورك لە رۆژئاوا و باشوری كوردستان كاریگەری كۆمەڵایەتی، دەروونی و جەستەیی كردوەەتە سەر هەمووان، بەتایبەت منداڵان و ژنان.


لە بەرامبەر هێرش و داگیرکاریی وڵاتاندا، کورد هەمیشە درێژەی بە بەرخۆدان داوە، بەڵام لە هەموو بەرخۆدانەکانیشدا قوربانیی زۆری داوە، بەگشتی هێرش و جەنگەکان زیانێکی زۆریان بە گەلانی کوردستان گەیاندووە، دوای قوربانییەکانیش کاریگەرییە نەرێنییەکانی هەرماون، ئەوانیش زیاتر ڕووبەڕووی ژنان و منداڵان بوونەتەوە، لەوچوارچێوەیەدا ژنان لە سلێمانی و کەرکوک بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

لاوە عوسمان نوسەر و چالاكوانی بواری ژنان، لەو بارەیەوە دەڵێت:"پێموایە لە شەڕی عێراق – ئێرانەوە بیگرە تا ئەمڕۆ و سەرجەم ئەو جەنگانەی عێراق پێیدا تێپەڕیوە، كورد تێیدا بەشدارە و بەنمرە یەك بووەتە قوربانی لە نێو نەتەوەكاندا، لە كوردیشدا ژن و منداڵ بە پلەی یەكەم قوربانین بە تایبەتی ژنان، چونكە ئەو ژنە كاتێ هاوسەری شەهیدە ئیتر دەبێت بەدیار منداڵەكانیەوە دانیشێت ئەبێت ببێت بە دایك و باوك خەمی بژێوی ژیان و خەمی نان، ماڵ، خوێندن، داهاتوو سەرجەمیانی ئەكەوێتە ئەستۆ، جیا لە قسەی کۆمەڵگا كە كاریگەری زۆر گەورەی نەرێنی هەیە".

لاوە دڵخۆشە کە ژنان لە ڕۆژئاوا ڕۆڵێکی جیاوازتریان هەیە، لەوبارەیەوە دەڵێت: زۆر جێگەی دڵخۆشیە ژنان لە ڕۆژئاوا دەتوانن پارێزگاری لە خاكی نیشتیمان بكەن، لە باشور كەموكورتی هەیە، بەڵام دەستەوەستانیش نەبوون، هیوادارم ئێمەش بتوانین بەجێپێكانی ئەواندا بڕۆین.

هەروەها بەناز سەعید- ڕۆژنامەنووس دەڵێت: كەركوك شارێكی نەوتییە و هەموو وڵاتەكان بەتایبەتی توركیا چاویان تێبڕیوە، جەنگەکانیش کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژنان زۆر دروستكردووە، یەكێك لەوانە كاریگەری دەروونیی و جەستەییە.

شوکریە حسێن ئاماژە بەوە دەکات، کە لە هەر وڵاتێک شەڕ ڕووبدات ژن پشکی گەورەی بەردەکەوێت لە قوربانییەکاندا، "بە تایبەب ئەو شەڕانەی کە لە وڵاتی ئێمە ڕوویداوە کە هەر لە کیمیاییباران بگرە تا کارەساتەکانی دیکە".

بەیان محەمەد-یش، دەڵێت: خودی کورد لەوەتەی دروست بووە چەوساوەتەوە و هەر دەوڵەتێکی داگیرکەر کە بیەوێت نەتەوەیەک لە ناو ببات ئەوا هێرش دەکاتە سەر ژنان، بەڵام ژنان هیچ کات داگیرکاریی و هێرشەکانیان قبوڵ نەکردووە و سنگی خۆیان ناوە بە گولەوە، پێویستە بەردەوام دەنگی خۆیان بڵند بکەن بە ڕووی داگیرکارییەکاندا.

هەروەها شەوبۆ عەسکەری باس لە زیانەکانی جەنگ دەکات و دەڵێت: شەڕ زیانێکی گەورە بە کۆمەڵگا دەگەیەنێت، بەڵام زەرەرمەندی گەورە لێرەدا ژن و منداڵە، ژن و منداڵ هەمیشە لە کۆمەڵگادا پەراوێز خراون، لە شەڕکاندا زیانمەندی گەورەن، تەنانەت زۆر جار دەستدرێژییان دەکرێتەسەر.

شەوبۆ داوا دەکات، لە ڕێگای ڕێکخراوەکانەوە کار بۆ ژنان بکرێت لە کاتە هەستیارەکان و ڕووداوەکاندا ببنە هێزێکی داکۆکیکار لە خۆیان، دەشڵێت: هەڵبەتە ژن لە ئێستا و ڕابردووشدا لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەشێک بووە لە خەبات و ڕۆلی بەرچاوی هەبووە، بۆ نمونە ژنانی ڕۆژئاوا سیمبولی بەرخۆدان بوون لە تەواوی جیهاندا و ڕۆڵی ژن لە هەموو جیهاندا وای لێهاتووە بووەتە پێوەرێک بۆ پیشکەوتنی ئەو وڵاتە.

س.ح