کاتی ئامادەکردنی ساوەر و دۆینەیە

ساوەر و دۆینە، ئەو دوو خواردنە کوردەوارییەی، کە بە ڕەنجی ژنان وەبەردێت و هیچ خورادنێکی نوێ ناتوانێت شوێنیان بگرێتەوە.


وەرزی ساوەر و دۆینە ئامادەکردن لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە دەستپێدەکات و تا سەرەتای پایز بەردەوام دەبێت، بەزۆرییش لە وەرزی پایز و زستاندا دەخورێن.

ئەگەرچی لە وڵاتانی دراوسێوە ساوەرێکی زۆر هاوردەی باشوری کوردستان دەکرێت، بەڵام ناتوانن شوێنی ساوەری خۆماڵیی بگرنەوە، کە تام و چێژێکی جیاواز و تایبەتی هەیە، دۆینەش خواردنێکی تایبەت بە کوردە و تەنیا لە کوردستان-یش دروست دەکرێت.

بۆ دروستکردنی ساوەر و دۆینە، ژنان سەرەتا گەنمەکە بەباشیی دەشۆنەوە، پاشان لەناو کۆڵاندا بە دار ئاگر دەکەنەوە و مەنجەڵی گەورەی دەخەنە سەر و گەنمەکەی تێدا دەکوڵێنن، کوڵاندنی گەنمەکە زیاتر لە کاتژمێرێکی پێویستە، دوای کوڵاندنی، گەنمەکە هەڵدەخرێت بۆ ئەوەی وشک ببێتەوە و ئامادەبێت بۆ هاڕین.

گەنم بە قەبارەی جیاواز دەهاڕدرێت بۆ ساوەر، ورد و درشتیی دەکەوێتە سەر خواستی کەسەکە، پێش هاڕینیشی پێویستە بە ئاو تەڕ بکرێت، بەڵام گەنمی دۆینە پێویستی بە تەڕکردن نییە و وردیش دەهاڕدرێت، بۆ ئەوەی بە باشیی یەکبگرێت.

گەنمی ساوەر دوای هاڕینی بە با دەدرێت(شەن دەکرێت)، بۆئەوەی توێکڵەکەی لێببێتەوە و لەکاتی لێنانیدا سەر خواردنەکە نەکەوێت، بەڵام ساوەری دۆینە، کە (بڕوێش)یشی پێدەوترێت، توێکڵەکەی لێناکرێتەوە.

دوای بەبادانی، کاری ساوەر تەواو دەبێت و ئامادە دەبێت بۆ لێنان، بەڵام بۆ دروستکردنی دۆینە هێشتا چەند قۆناغێکی دیکە ماوە.

بۆ دروستکردنی دۆینە، جگە لە بڕوێش، دۆ و قەزوان و خوێ-ی پێویستە، هەندێک کەسیش سەوزەی تایبەت بەکار دەهێنن، دۆکە پێی دەوترێت دۆی گیراوە، دۆیەکی خەستە، بۆ خەستبوونەوەشی دۆکە خوێ و قەزوانی تێدەکرێت و دادەنرێت و ڕۆژانە بەشی سەرەوەی(زچک) دەگیرێت و لادەبرێت، خەستییەکەی لە خوارەوە دەمێنتەوە بەکار دەهێندرێت بۆ دۆینە دروستکردنەکە، ئەم کارەش ١٠ بۆ ١٥ ڕۆژی پێویستە و ڕۆژانە هەمان کار ئەنجام دەدرێت.

دواتر دۆ گیراوەکە و بڕوێشکە تێکەڵ دەکرێت و پێکوە دەشێلدرێت، بۆ خۆشکردنی تامەکەشی قەزوانی هاڕا و خوێی پێویستی تێدەکرێت، پاشانیش دەخرێتە سەتڵەوە و سەری دەنرێتەوە، تا بەباشی یەکدەگرێت و ترش دەبێت، هێشتنەوەی لە سەتڵدا سێ ڕۆژی پێویستە کەسێکیش بیەوێت زیاتر ترش بێت، زیاتر لە سەتڵەکەدا دەیهێڵێتەوە.

پاشان ژنانی گەڕەک بە هەرەوەزیی دۆینەکە دەبەنە سەربازن و دەیکەن بە گونک و لەبەر هەتاو هەڵیدەخەن بۆ ئەوەی وشک ببێتەوە و ئامادەبێت بۆ لێنان، بەشێک لە دۆینەکەش بە تەڕی دەخورێت و لەناو ساردکەرەوەدا هەڵدەگیرێت.

دۆینە و ساوەر زیاتر لە وەرزی پایز و زستاندا لێدەنرێت و دەخورێت، دۆینە لە شەوانی زستاندا دەکرێتە ناو ئاو و وەک دۆ دەخورێتەوە، زۆر جاریش لەگەڵ خورمادا پێکەوە دەخورێن.

قەدەم فایەق، دانیشتووی گوندی موانەی دەڤەری شارەزوورە و بەدەم کوڵاندنی گەنمەکەوە باسی تام و و چێژی دۆینەی بۆ کردین بەگوێرەی وەرز"هەندێک کەس لە وەرزی پایزدا دۆینە دروست دەکەن، چونکە پایز فێنکە و تام و بۆنی دۆینەکە خۆر نایبات، ئێستا گەرمە تیشکی خۆر ترشییەکەی کەمدەکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا دۆ هەیە زیاتر خەڵك لە هاویندا دۆینە دەكات".

وەک قەدەم فایەق باسی دەکات"ساوەر لەچلەی هاویندا بكرێت ڕەنگی جوان دەردەچێت و تامەكەشی خۆشترە، چونکە گەنمەکە تازەیە".

لە زۆر شوێن ئاشی جێگیر هەیە و ژنان گەنمەکە دەبەن و لەوێ دەیهاڕن، بەڵام لە شارەزوور ئاشی گەڕۆک هەیە، ئەمەش کارئاسانیی بۆ کردوون و لەبەردەم ماڵەکانی خۆیاندا دەیهاڕن، بێ ئەوەی هاتووچۆی پێویست بێت.

جەمال حەسەن، ئاشەوانێکە و بە گوندەکانی شارەزووردا دەگەڕێت بۆ هاڕینی گەنمی گوندنشینان، بۆ هاڕینی هەر تەنەکەیەک گەنم-یش هەزار دینار وەردەگرێت.

نەرمین محەمەد، دانیشتووی هەمان گوندە و باسی لەوە کرد، کە منداڵان زیاتر حەز بە خواردنی دۆینە دەکەن، بەهۆی ئەوەی منداڵیان هەیە، پێنج تەنەکە گەنمی کردووە بە دۆینە.

دۆینە و ساوەر لە کۆندا خواردنی سەرەکیی هەر خێزانێکی کورد بووە، هەرچەندە ئێستا بەهۆی زۆریی و جۆراوجۆریی خواردنەوە، لە ڕیزی خواردنە سەرەکییەکاندا نەماون، بەڵام لەناو ماڵەکاندا ماون و لیدەنرێن، لە بەشێکی خواردنگەکانیشدا ساوەر بۆ میوانان ئامادە دەکرێت.

ش.ف