کاتی لێکردنەوەی فەریکەگوێزە

لە هەورامان وەرزی لێکردنەوەی فەریکەگوێزە و ئەو گەشتیارانەی ڕوو لە ناوچەکە دەکەن، ئەگەر تامی نەکەن، هەست ناکەن، کە گەشتیان بۆ هەورامان کردووە.


لە کوردستان کاتێک باسی گوێز دەکرێت، ڕاستەوخۆ هەورامان دێتە بیری مرۆڤ و ناوبانگی گوێزی هەورامان، نەک تەنیا لە باشور، بەڵکو سنوورە دەستکردەکانی بڕیوە و گەشتووەتە گوێی هاوڵاتیانی چوار پارچەی کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق-یش.

گوێز بەرگەی پلەی گەرمای بەرز ناگرێت و پێویستی بە کەشوهەوای سازگار و ئاوی زۆر هەیە، لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەورامان گونجاترین شوێنە بۆ چاندن و بەرهەمهێنانی گوێز.

ئێستا کاتی لێکردنەوەی فەریکە گوێزە، باخدارەکان هەورامان بەیانیان زوو ڕوو لە باخەکانیان دەکەن و بڕێک لە گوێزەکانیان لێدەکەنەوە، تا هەر بە فەریکەیی و پێش پێشگەیشتنی تەواوەتیی بیفرۆشن، بەشی زۆری کڕیارانیش، ئەو گەشتیارانەن، کە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕوو لە ناوچەکە دەکەن، نایانەوێت بەبێ خواردنی گوێزە بەناوبانگەکەی ناوچەکە جێبهێڵن.

وەک باخدارەکان باسی دەکەن، هۆکاری لێکردنەوەی فەریکە گوێز لە بەیانیان زوودا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی فێنکیی کەشوهەواکەوە کەمتر ماندوویان دەکات، گوێزەکەش بۆنێکی خۆشتری هەیە و کڕیارێکی زیاتر بۆ خۆی ڕادەکێشێت.

لێکردنەوەی فەریکە گوێز لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزەوە دەست پێدەکات تاکو مانگی ئەیلول، لەدوای ئەو ماوەیەش گوێزەکە بەتەواویی پێدەگات و پاشان دەست بە تەکاندنی تەواوەتیی دەکەن.

فەریكە گوێز وەك چەرەسات دەخورێت، هەروەها وەک دەوا بەکاردێت بۆ ئەو نەخۆشانەی چەوریی خوێنیان هەیە، ژنان-یش توێکڵەکەی ورد دەکەن یانیش دەیکوڵێنن و ئاوەکەی دەکەنە ناو خەنە و لە قژیانی دەدەن، بۆ ئەوەی ڕەنگێکی تۆختر و جوانتر بە قژیان بدات.

جەمال غەفور، باخدارێکی گوندی بەڵخەی هەورامانە و دەڵێت، کە جگە لە گەشتیار، فەریکە گوێزەکانیان دەفڕۆشن بە دووکاندارەکانی سنوورەکە و سلێمانی و هەولێریش.

هەروەها، نەسرەدین محەمەد، كە كاری فرۆشتنی فەریكە گوێز دەکات، دەڵێت: ئەو گەشتیارانەی ڕوو لە ناوچەكەمان دەكەن لەشارەكانی هەرێم و ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن، حەزیان لەفەریكە گوێزە و لێمان دەکڕن.

ش.ف