کاتی هەرەوەزکاریی چرۆ بڕینە

چرۆ یان چلۆ بڕین، کارێکی هەرەوەزییە و ساڵانە لە ناوچە شاخاوییەکانی باشوری کوردستان کۆتایی مانگی هاوین دەستپێدەکات، ئێستاش وەرزی ئەو کارەیە. 


هەموو ساڵێک لە کۆتایی وەرزی هاوین و دەستپێکی وەرزی پایزدا، گوندنشینانی بناری قەندیل دەست بە کاری چرۆبڕین(چلۆبڕین) دەکەن، لەسەردانێکماندا بۆ گوندی کاسکانە، لەنزیکەوە چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو کارە هەرەوەزییەمان بینی.
چرۆ، گەڵا و لق و پۆپی داری یەک ساڵەی بەڕوو و مازوو-وە، کە لە سەرەتای وەرزی پایزدا دەبڕدرێت و هەڵدەگیرێت بۆ زستان، تا لە وەزی سەرما و سۆڵەدا وەک ئالیک بیدەن بە ئاژەڵەکانیان، ئه‌و داره‌شى که‌ چرۆکه‌ى ده‌بڕن، نوێ ده‌بیته‌وه‌ و ته‌مه‌نى داره‌که‌ زیاتر ده‌بێت.

لە هەرەوەزکاریی چرۆبڕین-دا، خاوەن کار دوو ڕۆژ پێشتر خەڵکی گوندەکەی خۆیان هەندیک جار گوندەکانی دیکەش ئاگاداردەکاتەوە، بۆئه‌وه‌ى هاوکاریى بکه‌ن.

لە ڕۆژی چرۆبڕینەکەدا، که‌سێک که‌ داسى پێیه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر داره‌که،‌ که‌ پێى ده‌ڵێن دار بڕ و چرۆکه‌ ده‌بڕێت، که‌سێکیش له‌ خواره‌وه‌ که‌ پێى ده‌وترێت مه‌لۆکه‌ر چرۆکه‌ به‌ ئامێز جێ به‌ جێ کۆده‌کاته‌وه‌ و که‌سێکى تر که‌ پێى ده‌ڵێن کنۆره‌ به‌ دارێکى دوو لق چرۆکه‌ به‌رز ده‌کاته‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و داره‌ی که‌ پێی ده‌ڵێن کاول، که‌سێکیش له‌ سه‌ر ئه‌وداره‌ی که‌ ناوی کاوله‌ چرۆکان له‌ سه‌ر یه‌ک داده‌نێت و به‌وه‌ش ده‌ڵێن سه‌ردێ، که‌سێکی به‌ ته‌مه‌نیش، که‌ شاره‌زایى له‌ کاره‌که‌ هه‌یه‌ له‌ ناو هه‌ره‌وه‌زه‌کارییەکەدا کاره‌کان دابه‌ش ده‌کات به‌و که‌سه‌ ده‌ڵێن ناوزباره.

ئێستا بەهۆی هەبوونی تەلەفۆنەوە، ئاگادرکردنەوەی کەسوکار بۆ کارەکە ئاسانتر بووە، بەڵام لە ڕابردوودا وەک عەبدوڵا عیسا، دایشتووی گوندی کاسکانە باسی دەکات، دەبوو ماڵ ب ماڵ بگەڕانایە تا خەڵک کۆبکەنەوە بۆ کارەکەیان.

عەبدوڵا، باسی سەختیی کارەکە دەکات و دەڵێت: زۆر جار هەبووە قاچی خۆمان بڕیوە یان لەسەر دار کەوتووینەتە خوارەوە.

ڕەسوڵ حەسەن، گەنجێکە لە یەکێک لە گوندەکانی بناری قەندیلەوە بۆ هاوکاریی هاتووەتە گوندی کاسکان، باس لەوە دەکات، گەنجانی سنورەکە ڕۆحییەتی پێکەوەژیان و هاوکارییکردنیان تێدایە، بەشدارییکردنی ئەمڕۆی گەنجان، تا ڕادەیەکی زۆر تەبایی نێوان گەنجان لە گوندەکان پیشان دەدات.

له‌ هه‌ره‌وه‌زه‌کارییەکە‌دا ژنان ئەرکی ئامادەکردنی خواردنیان له‌سه‌ر شانه‌ و ده‌بێت ڕۆژی سێ جار خواردن ئاماده‌ بکه‌ن چێشتەنگاو، نیوه‌ڕۆ و ئێواره‌-یە.

ئامینە خدر، لەکاتی دروستکردنی خواردن-دا باسی کارەکەی خۆی بۆ کردین و وتی: سەرلەبەیانی زوو لە گوند دەردەچین و نزیک هەرەوەزەکە دەست دەکەین بە خواردن ئامادەکردن.

وەک ئامینە باسیکرد، سەرلەبەیانی و چێشتەنگاوان، ماست، پەنیر، شیرێژ و ڕۆنی خۆماڵی ئامادە دەکەین، پاشان دووکەس لە ئێمە ئاو بەسەر خەڵکەکە دابەش دەکات، کاتی خواردنی نیوەڕۆ گۆشت، برنج و شلەی تەماتە بە ئاگری دار ئامادە دەکەین.

ش.ف