کاردانەوەی بڕیارەکەی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ پێدانی ١٢ ملیۆن دۆلار بەو کەسەی شوێنی سێ سەرکردەی پەکەکەی بۆ ئاشکرا دەکات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەبێ وەرگرتنی بڕە پارەکە شوێنی ئەو سێ سەرکردەیان ئاشکرا کرد.


شەوی ٦ی تشرینی دووەم، ئەمریکا بڕیاری دا بە پێدانی بڕی ١٢ ملیۆن دۆلار بە هەر کەسێک، کە شوێنی سێ سەرکردەی پەکەکە (جەمیل بایک، موراد قەرەیلان و دوران کالکان)ی بۆ ئاشکرا بکات، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە جارێک بوو بە وێنەی ئەو سێ سەرکردەیە.

 هاوڵاتیان لە پەڕە تایبەتەکانی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ ئەوەی ئەو برە پارەیە لە ئەمریکا وەربگرن، شوێنی هەر سێ سەرکردەکەیان ئاشکرا کرد و ڕایانگەیاند:"ئەو سێ هەڵۆیە لەناو دڵماندان".

بەنمونە، عەزیز ڕەئوف، نووسەر، نووسیوێتی:"من دەزانم ئەم سێ هەڵۆیە لە کوێن. پێتان بڵێم؟ ئەو سیانە لە دڵماندان. ئەو هەڵۆیانە هی فرۆشتن نین، ئەی نەتانبیستووە هەڵۆ بە تەنیا دەفڕێت و داڵیش بە کۆمەڵ؟ ئێوە بەکۆمەڵ بگەڕێن.ئەوان هەڵۆی نێو بەفری سپی چیاکانن و ئێوەش قەلەڕەشی زبڵدانی شارستانیەت، ئەوان عاشق و ئێوە شەهوەتباز، ئەوان مرۆڤ و ئێوەش ڕۆبۆت.
وەرن پێتان بڵێم ئەم سێ هەڵۆیە لەکوێن. لێرەن لە دڵماندان".

لەناو ئەو پۆستانەی، کە لەسەر ئەو بڕیارە بڵاوکراونەتەوە، هەڵوێستی دژە کوردی ئەمریکا شەرمەزار کراوە، هەرچەندە بڕیارەکە بە یارییەکردنێک بە تورکیا و موجامەلەی سیاسیی ناودەبەن، بەڵام دەڵێن، کە پێویستە کورد هەڵوێست نیشان بدات و مەترسییەکانی پشت بڕیارەکە ببینێت، هەروەها بانگەوازیی بۆ یەکگرتنی گەلی کورد کراوە دژ بە پیلانی داگیرکەرانی کوردستان.

هەندێکیش بە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆیان لەگەڵ ئەو سێ سەرکردەیە هەڵوێستی خۆیان نیشان دا.

وێنەکانی خوارەوە چەند نمونەیەکی ئەو پۆستانەن، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە.

ش.ف