کارگەیەکی دروومان بۆ گەنجانی سەیدسادق دەکرێتەوە

کردنەوەی کارگەیەکی تایبەت بە دوورینی جلوبەرگ، هەلی کار بۆ ١٥ گەنجی شارۆچکەی سەید سادق دەڕەخسێنێت.


پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەكی بەركێو-ی شارۆچكی سەیدسادق، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە گەنجان و بەرپرسانی ئیداری ناوچەكە كارگەیەكی تایبەت بە دوورینی جلوبەرگ لە لایەن ڕێكخراوی UN و بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی چالاكی گەنجان (youth Activity Organization)كرایەوە و ڕادەستی ١٥ گەنجی شارۆچکەکە کرا.

لەناو ئەو کارگەیەدا جگە لەوکەسانەی خۆیان کاری دروومانیی دەزانن، ئەوانەشی کارەکە نازانن فێری دوورینی جولەبەرگ دەکرێن و داهاتی کارەکەشیان بۆ خودی گەنجەکان دەبێت.

لە قۆناغی یەکەمدا تەنیا ١٥ گەنج سودمەندبوون لە پرۆژەکە، بەڵام لە قۆناغەکانی داهاتوودا کارگەکە بەڕووی گەنجانی دیکەشدا دەکرێتەوە و دەتوانن لەوێ فێری دروومانیی ببن و کاری تێدا بکەن.

لە مەراسیمی كردنەوەی كارگەی جلوبەرگ، دیاری ڕەفیق، قایمقامی شاۆچكەی سەیدسادق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییدا ئاماژەی بە گرنگیی كردنەوەی ئەو كارگەیە کرد و وتی:"سەرەڕای ئەوەی دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجانی دانیشتووی سنورەكەمان لە هەمان كاتیشدا ئاوارەكانی سوریا بە هەمان شێوە سودی لێوەردەگرن و فێری بەرگ دووریی دەكرێن".

دواتر، كامەران عەلی، یاریدەدەری بەڕێوەبەی مەیدانی ڕێكخراوی(UNHCR )، باسی لەوەکرد، ئەو گەنجانە دەتوانن لەگەڵ كۆمپانیا و نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەكاندا گرێبەست ئەنجام بدەن بۆ دوورینی جلوبەرگی تایبەت بە كارمەندەكانیان، وتیشی: لە بەرنامەماندایە لە قۆناغی داهاتووشدا زیاتر پەرە بەم پرۆژەیە بدەین بۆ ئەوەی زۆرترین گەنج سوودی لێوە بگرێت.

ڕێكخراوی چالاكی گەنجان( YAO) ڕێكخراوێكی ناحكومییە و لە ساڵی ٢٠٠١ دامەزراوە و لەلایەن وڵاتی بەریتانیاوە هاوكاریی جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان دەكرێت.

ش.ف