کاری خوا مەکەنە بەهانە، ڕزگارکردنی منداڵێکی کەمئەندام لەدەستی ئێوەدایە

ڕەوا بچکۆلی ئاوارە لە دۆخێکی زۆر سەخت دا ژیان دەباتە سەر، بە زگماک دەماری هەر دوو قاچی کورتن و بەو تەمەنە کەمەیەوە دەبێت نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، ئەگینا بۆ هەمیشە هەر وا کەمئەندام دەمێنێتەوە، خانەوادەکەی بەهۆی هەژارییەوە ناتوانن نەشتەرگەریی بۆ بکەن، بۆیە داوا لە ڕێکخراوە خێرخوازەکان دەکەن هاوکارییان بکەن.


کامپی ئاشتیی لە شاردێی عەربەتی سەربە پارێزگای سلێمانی، ئاوارە شەبەکەکان، عەرەبەکان، کاکەییەکان، تورکمانەکان و ئێزدییەکان تێیدا نیشتەجێن، ئەو ئاوارانە لە پاش هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر خاکی کوردستان و عێراق ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و و لە کامپەدا جێگیرکران.

کاتێک چووینە ناو کامپەکەوە، هاوڵاتییەکی تکریتی کە کوردیی بەباشی نەدەزانی بە ئاماژە دەست و دەموچاو تێی گەیاندین وببردینییە ماڵی خۆیان، مام عەبدوڕەحمان تکریتی لە پێشەوە دەڕۆیشت و ئێمەی تا بەر دەمی چادرە کۆنەکەی گەیاند، لەو چادەردا پێنج کەس دەژیان، کە لە ساڵی ٢٠١٤ هاتوونەتەوە باشوری کوردستان و لەو کامەپەدا دەژین.

ڕەوای بچکۆلی تەمەن دوو ساڵیش ئەندامێکی ئەو خانەوادەیەیە، کە هەمیشە دەمی بە پێکەنینە، ڕەوا بەزگماک دەمارەکانی هەر دوو قاچی کورتن، خانەوادەکەشی دەیانەوێت لە ڕێگای ئێمەوە دەنگیان بگەیەننە ڕێکخراوە خێرخوازەکان بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن و نەشتەرگەریی بۆ منداڵەکەیان بکرێت.

بەوتەی خانەوادەکە، دایک و باوکی ڕەوا لە یەک جیابوونەوەتەوە، باوکی لە دەرەوە سەرقاڵە بە کرێکاریی و ئێستاش ئەو منداڵە کەمئەندامە لەگەڵ داپیر و باپیری دەمێنێتەوە.

خانەوادەکەی دەڵێن، کە دەمارەی هەر دوو قاچی ڕەوا کورتن و بۆیە نە دەتوانێت دانیشێت و نە دەتوانێت بەڕێدا بڕوات.

هەروەها، دەڵێن، کە چەند جارێک هەوڵیان داوە چارەسەری پزیشکیی بۆ بکەن، بەڵام ئەو دەرفەتە مادییەیان نەبووە، بۆ ئەوەش بانگەوازیی ڕێکخراوە خێرخوازەکان دەکەن هاوکاریان بن، هەروەها ئاماژە بەوەش دەدەن، تا ئێستادا زۆرمان داوای هاوکارییان لەو ڕێکخراوانە کردووە، کە سەردانیان کردوون، بەڵام تا ئێستا کەس وەڵامی نەداونەتەوە.

جەختیش دەکەنەوە، ئەگەر لە تەمەنی منداڵییدا ئەو کێشەیە چارەسەرنەکرێت، چیدی چارەسەرنابێت و بۆ هەمیشە هەر وا دەمێنێتەوە.

ئەو خانەوادەیە دەڵێن داهاتووی ڕەوا لە دەستی ڕێکخراوە خێرخوازەکان دایە، ئەگەر هاوکارییان بکەن ئەو منداڵە لەچنگی ئەو ئەشکەنجە گەورەیە ڕزگاردەبێت.

ش.ف