کارەبا، کێشە بەردەوامەکەی هاوڵاتیان و خەمساردیی دەسەڵات

کەمی کارەبای نیشتیمانی گرفتی بۆ دووکاندار و کاسبکارانی گەرمیان دروستکردووە و دوکاندارێکیش دەڵێت: حکومەت لەماوەی ئەم ٢٩ساڵەدا هەر ساڵێک یەک سەعات کارەبای بەرهەم بهێنایە ئێستا لەبری ئەوەی کێشەی کەمیمان هەبێت لێشمان زیاد دەبوو.


لە دوای ساڵی ١٩٩١وە، تا ئێستا حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە کێشەی کارەبا چارەسەر بکات، ئەمساڵێش بەهەمان شێوەی ساڵانی پێشوو کارەبا کەمیکردووە، ئەمەش گرفتی بۆ تەواویی هاوڵاتیان و بەتایبەت کاسبکاران دروستکردووە، لەم چوارچێوەیەدا کاسبکارانی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

کامیل محەمەد، دوکانی شیرینی هەیە و لەگەڵ کارەبای نیشتیمانیدا ١٠ ئەمپێر کارەبای مۆلیدەی ئەهلی بۆ دووکانەکەی دابینکردووە، کەچی ئەو پێویستیانە پڕناکەنەوە کە بەکارەبا ئیشدەکەن، دەربارەی کێشەکانی کارەبا دەڵێت، حکومەتێک نەتوانێت کارەبای هاوڵاتییەکانی دابین بکات واز لە حکومەتداری بهێنێت زۆر باشترە، کێشەی کارەبا ساڵ و دووان نییە و هەمووکات دووبارە دەبێتەوە.

مەبەست عەبدولقادر چایخانەیەکی بچوکی هەیە، دەڵیت: حکومەت گەر لەماوەی ٢٩ ساڵی حکومڕانیدا هەر ساڵێک یەک سەعات کارەبای بەرهەم بهێنایە ئێستا لە بری ئەوەی کێشەی کەمی کارەبا هەبێت زیاتردەبوو لە خۆمان، دەشڵێت، لە هاویندا بەهۆی بەرزبوونەوەی گەرماوە گەرمیان گەرمترە لە شوێنەکانیتر، بۆیە داوای چارەسەریی گونجاو لە حکومەت دەکات، هەرچەند دەشڵێت ئومێدیان بە حکومەت نەماوە.

محەمەد ڕەحیم کاسبکارێکەوە و دوکانی خواردەمەنی هەیە، دەربارەی کێشەی کارەبا دەڵێت: ئێستا بەدەگمەن چاومان بەکارەبای نیشتیمانی دەکەوێت.

محەمەد وتیشی: بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتیمانییەوە مۆلیدە ئەهلییەکان نرخیان بەرز دەبێتەوە و سەرباری ئەوەی کە حکومەت توانای دابینکردنی بڕی پێویستی کارەبای نییە، ناشتوانێت سانسۆرێک بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان دابنێت و نرخێکیان بۆ جێگیربکات.

س.ح