کلتوری قاوە لە کۆمەڵگای ئێزدییدا

قاوە لە کلتوری ئێزدییەکاندا واتای گرنگی هەیە، قاوە بەتایبەتی لە پرسەکان و شەونشینییەکان دەخورێتەوە، هەروەها خواردنەوەی قاوە شارەزایی دەوێت.


کۆمەڵگای ئێزدی وەک هەموو کۆمەڵگای دیکەی تایبەتمەندییەکانی خۆی هەیە، هەرچەند دەوترێت کە عەرەبەکان زیاتر قاوە دەخۆنەوە، بەڵام ئێزدییەکان قاوە بە شێوەی تایبەتی خۆیان دەخۆنەوە.

لە کۆندا سەرۆک عەشیرەتەکانی ئێزدیی قاوەیان بۆ میوانەکانیان داناوە، بەڵام بەگشتیی لەناو کۆمەڵگای ئێزدی دا زیاتر لە پرسەدا قاوە دەخورێتەوە.

حاجی خەلەف، هاوڵاتییەکی خەڵکی گر ئەزێی سەربە شەنگالە و لەپاش فەرمانەکەی ساڵی ٢٠١٤ وە قاوەی بۆ پرسەکان دروست کردووە.

حاجی خەلەف لەبارەی گرنگیی خواردنەوەی قاوە قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و وتی: چوار ساڵە بۆ پرسەکان قاوە دروست دەکەم، بەڵام ئەو قاوەیە نابێت بۆ زەماوەند و شاییەکان دروست بکرێت، تایبەتە بە بە سەرەخۆشییەکان، لە ماڵەوەش قاوە بۆخۆمان دروست دەکەین، کاتێکیش کەسێک گیانلەدەست دەدات، من وەک خۆبەخش دەچم و قاوەیان بۆ دروست دەکەم، هەروەها لە کاتی شەونشینیییەکانیشدا قاوە دروست دەکرێت.

هەروەها دەڵێت: ئەوانەی قاوە دەخۆنەوە دەبێت لێی بزانن، پاش ئەوەی قاوەکەی تەواوکرد، ئەگەر کوپەکەی نەجوڵێنێت، واتای ئەوەیە کە قاوەیەکی دیکەشی دەوێت، بەڵام هەموو کەسێک ئەوانە نازانێت، بۆیە ناچاردەبن جارێکی دیکەش قاوە بخۆنەوە، کەسێک کە قاوە دەخواتەوە بەبێ ئەوەی هیچ بڵێت قاوەچییەکە تێدەگەیەنێت، لەجیاتی ئەوەی قسەبکات دەبێت تەنیا کوپەکەی بجووڵێنێت، ئەو کاتە دەردەکەوێت کە قاوەی دیکە ناخواتەوە.

لەکۆتاییشدا وتی، کە قاوە لە کۆمەڵگای ئێزدیدا شتێکی پیرۆزە، توتن و قاوە لە باوەڕی ئێمەی ئێزدیدا تایبەتن، هەردووکیان بە پیرۆز دادەنێین.

ش.ف