کورتەیەک لە ژیان و تێڕوانین و کارە سیاسییەکانی نەوشیروان مستەفا

دوو ساڵ بەسەر کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری پێشووی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێک لە سەرکردەکانی کورد تێپەڕدەبێت، ڕۆژنیوز کورتەیەک لە ژیان و تێڕوانین و کارە سیاسییەکانی ئەو سەرکردەیەی کورد بەبیردێنێتەوە.


دوو ساڵ لەمەوبەر سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی، ١٩ی ئایاری ٢٠١٧ شۆڕش حاجی، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، بە فەرمیی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە "نه‌وشیروان مسته‌فا پاش ململانێیه‌كی زۆر له‌گەڵ نه‌خۆشییدا له کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانی كۆچی دوایی كردووە".

نەوشیروان مستەفا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی چووە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و دوای مانەوەی بۆ ماوەی حەوت مانگ، ڕۆژی ٢٨-٤-٢٠١٦ گەڕایەوە شاری سلێمانی و دوای ئەوەش جارێکی دیکە بۆ چارەسەر لە ٣-٩-٢٠١٦ چوەوە بەریتانیا و لە ١٣-٥-٢٠١٧ گەڕایەوە شاری سلێمانی و دوای شەش ڕۆژ لە گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا و دوای زیاتر لە نیو سەدە کاری سیاسی، لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد و لە گردی زەرگەتە بە مەراسیمێکی جە ماوەری بەخاک سپێردرا.

کورتەیەک لە ژیانی نەوشیروان مستەفا

- لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە

- خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە

- لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە

- لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو چووەتە نەمسا و ماستەری لەیاسای نێودەوڵەتی لە نەمسا خوێندووە، بەڵام بە هۆکاری سیاسی تەواوی نەکردووە و گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان

- یەکەم وێستگەی ژیانی سیاسی لە یەکێتیی قوتابیانی کوردستانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە

- لە ساڵی ١٩٦٩ بووەتە خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری ڕزگاری

- یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەران بووە

- دروستکەری باڵی ڕیفۆرمبووە لەناو یەکێتی و تا ساڵی ٢٠٠٦ جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی بووە و هەر لەو ساڵەدا وازی لە کاری حیزبی لەناو یەکێتی ھێنا و کۆمپانیای وشەی دامەزراند

- لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لیستی گۆڕانی دروستکرد و توانی ٢٥ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت و تا ڕۆژی کۆچی دوایی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بوو.

- لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و باوکی کچێک و دوو کوڕە بەناوەکانی (چرا، نما، چیا).

- نەوشیروان مستەفا جگە لە کاری سیاسی، ڕۆژنامەنووس و نوسەر بووە و خاوەنی چەندین کتێبە لە بواری سیاسیی و مێژوویی و ئەدەبی و ڕۆژنامەنووسی لە وانەش:

- (لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕەی ناوزەنگ، پەنجەکان یەکتری دەشکێنن، خولانەوە لە بازنەدا، کورد و عەجەم، حکومەتی کوردستان: کورد لە گەمەی سوڤیەت دا، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی ڕۆم و عەجەم دا، کوردستانی عێراق: سەردەمی قەڵەم و موراجەعات، ١٩٢٨ـ١٩٣١، ژیان، بەتەمەنترین ڕۆژنامەی کوردی ١٩٢٦ـ ١٩٣٨، ژیان، چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی ڕۆژنامەوانی کوردی ١٩٣٨ـ ١٩٥٨، کارەساتی ھەکاری، کێشەی پارتی و یەکێتی، ئێمە و ئەوان، بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، "چوار بەرگ"، ئەدەب و تاریخی کوردی).

نەوشیروان مستەفا، سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستانی بە خه‌ونی‌ هه‌موو تاكێكی‌ كورد لەقەڵەم داوە و لەو بارەیەوە لە دیدارێکدا سەبارەت بە چارەسەری کێشەی کورد لە باکوری کوردستان دەڵێت:"لە سەرەتای دروستبوونی کۆماری تورکیاوە کێشەی کورد هەبووە، بەپێی ئەزمونی خۆمان، ئەم کێشەیە مەحاڵە بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر بکرێت، کێشەی نەتەوەیی تەنیا بە ڕێگای سیاسی چارەدەکرێت، بەداننان بە ناسنامەی کوردا لە دەستوردا".

کەجەکە: بەڵێن دەدەین خەونەکانی نەوشیروان مستەفا بەدیبێنین

کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، تەنها لایەنگرانی حیزبەکەی نیگەران نەکرد بەڵکو سەرجەم حیزبە کوردستانیاکان نیگەران بوون لەو چوارچێوەیەشدا هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، بۆ کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند:"بەڵێن دەدەین کە وەکو تەڤگەری ئازادی گەلی کورد، خەونەکانی نەوشیروان مستەفا بەدیبهێنین".

ئاپۆ و نەوشیروان مستەفا

نەوشیروان مستەفا، لە ژیانی سیاسییدا چەند جارێک عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکەی لە نزیکەوە بینیووە، لەبارەی ڕۆڵی ئەو دوو سەرکردە کوردەوە لەتیف فاتیح فەرەج-ی نووسەر، لە وتارێکدا نوسیویەتی "لە ٢٥ ساڵی ڕابردودا نەوشیروان مستەفا و عەبدوڵا ئۆجالان، دوو كارەكتەری هەرە دیار و بەناوبانگی نێو كایەی سیاسی كوردین، كە ناتوانرێ‌ بە هیچ شێوەیەك نادیدە بكرێن". نوسیویشیەتی ئەو دوو سەرکردەیە "وەك دوو نوسەری دیار و دوو شارەزای بواری كۆمەڵناسی كوردی وبە ئاگای دیرۆك دەیان كتێبی جۆراو جۆریان نووسیوە".

ک.س