کۆرۆنا خەڵکی گەڕاندووەتەوە ناو گوند و سرووشت

بەهۆی مەترسی کۆرۆناوە خەڵکانێکی زۆر ڕوویان لە گوندەکان کردووە و خەریکی کاری کشتوکاڵن، وەرزی بەهارە و خەڵکیش خەریکی کۆکردنەوەی گژوگیایە.


زیانەکانی کۆرۆنا بۆ مرۆڤایەتی بەردەوام ڕوو لە زیادبوونەوە، لەگەڵ ئەمەشدا ژینگەپارێزان پێیانوایە، کە بەهۆی ئەم دۆخەی کۆرۆنا خولقاندوویەتی، سرووشت پشوویەکی داوە، هەروەها لە ئێستادا خەڵکانێکی زۆر ڕوویان لە گوندەکان کردووە و گژوگیای بەهاریی بەکار دەهێنن، هەموو ئامارەکانیش ئەوە دەخەنەڕوو، خواردنە سرووشتییەکان بەرگریی لەش بەهێز دەکەن، هاوکات کەمترین کەس لە گوندەکان و دوور لەشارەکان لە جیهاندا تووشی کۆرۆنابوون.

گوڵ ئەبوبەکر لە بناری قەندیل سەرقاڵی کۆکردنەوە و ئامادەکردنی گژوگیابوو، لەم بارەیەوە دەدوێت و دەڵێت: بەهاری قەندیل زۆر خۆشە و لەم وەرزەدا گژوگیای بەهاری زۆر گەشە دەکەن، لەوانەش پونگە، قارچک، کوڕادە، سوورازە، هەندرێشە، پێ قەڵە، کنگر، کاردوو، سێ بچکۆلە، چەندین گژوگیای دیکە.

گوڵ باس لەمەش دەکات، کە زۆربەی ئەو گژوگیایانە بە سوورەوکراوی و لەگەڵ هێلکە و پیاز تێکەڵ دەکرێت و تامێکی خۆشی هەیە و بۆ تەندروستی مرۆڤ زۆر بەسوودن، دەشڵێت:"قەندیل ناوچەیەکی زۆر خۆشە، بەڵام بە هۆی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورکەوە مەترسی بۆ سەر ژیانی ئێمە هەیە و ناتوانین بەردەوام لێرە بین!".

هەر لە بناری قەندیل، محمەمەد حەسەن فەقێ خەریکی کێڵانی زەوییەکەی بوو، ئەو وتی، بەهۆی کۆرۆناوە پێیان باشبووە بگەڕێنەوە گوند و ناو سرووشت چونکە سنوورەکەیان ئاووهەوایەکی پاکی هەیە.

محەمەد بەگرنگی دەزانی پەرە بەبەرهەمی خۆماڵی بدرێت و دەڵێت: پێویستە هەموومان بە یەکەوە گرنگی زیاتر بە ئاوەدانی گوندەکان و بەرهەمی کشتوکاڵی خۆماڵی بدەین، چونکە ئەگەر ئەو نەخۆشییە بەربڵاو و بەردەوام بوو، ئەوە کەلوپەلی خۆراکی لە دەرەوە هاوردە ناکرێت، ئەوکاتەش بێگومان پێویستی زیاتر و گرنگی باشتر بە بەرهەمی خۆماڵی دەدرێت و پێویستیمان بە وڵاتان نامێنیت و ڕووبەڕووی کێشەی مرۆیی نابینەوە.

س.ح