کۆڵانی ماست فرۆشان ژن بنیادی نا و پیاو کاری تێدا دەکات

کۆبوونەوەی ژنانی ڕانیە و گوندەکانی دوروبەری لە کۆڵانێکدا بۆ فرۆشتنی ماست و پەنیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکانی دیکە، ناسناوی کۆڵانی ماست فرۆشانی بەخشییە شوێنەکە، بەڵام ئێستا هیچ ماست فرۆشێکی ژنی تێدا نەماوە و تەنیا پیاو کاری تێدا دەکات.


نزیکەی ٤٠ ساڵ بەر لە ئێستا سەدان ژن-ی شارۆچکەی ڕانیە و گوندەکانی دوروبەری لە کۆڵانێکدا کۆبوونەوە بۆ فرشتنی ئەو بەرهەمە شیرەمەنیانەی، کە لە شیری ئاژەڵەکانیان دروستیان دەکرد، ئیدی ئەو کۆڵانە بوو بە شوێنێکی ناسراو و ناوی لێنرا کۆڵانی ماست فرۆشان.

لە کۆندا جۆگەلەیەک ئاو بەناوەڕاستی ئەو کۆڵانەدا تیپەڕیوە، بۆیە ئەو ژنانە بەیانیان زوو، کە چوونەتە ئەو کۆڵانە، ماست و پەنیرەکانیان تێدا داناوە، تاکو بیپارێزن لە خراپبوون، نیوەڕوانیش، دەڕۆشتنەوە ماڵەوە و پشوویان دەدا، پاشان دەستیان بە ئامادەکردنی بەرهەمەکان دەکرد بۆ ڕۆژی دواتر.

بە تێپەڕبوونی کات، پیاوانیش لەگەڵ ژناندا لە هەمان شوێندا دەستیان بەو کارە کرد، دواتر هەر لەو کۆڵانەدا دووکانیان دروستکرد و خانووەکانیان تێکدا و کردیان بە دووکان و بازاڕ، لەناو دووکانەکاندا بەرهەمەکانیان ساغ دەکردەوە، هەروەها کۆڵانەکە قیرتاو کرا و جۆگەلە ئاوەکە شاردرایەوە، وردە وردە کۆڵانی ماست فرۆشان بوو بە ناوجەرگەی بازاڕ و شوێن بە ژنان لێژکرا، چونکە شوێنەکە بوو بە موڵکی کەسانی تایبەت و شوێنێک نەما ژنان ماستی تێدا بفرۆشن.

سەرەتا دووکانەکان زۆربەیان بەرهەمی شیرەمەنییان تێدا دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا تەنیا سێ دووکانیان ئەو بەرهەمانەی تێدا دەفرۆشرێن و ئەوانی دیکە کەلوپەلی جۆراوجۆریان تێدا ساغ دەکرێتەوە.

ڕەحمان عەبدوڵا، تەمەنی ۷۰ ساڵە و زیاتر لە ۳۰ ساڵە لە کۆڵانی ماست فرۆشان کار دەکات، ئێستاش خاوەنی دووکانی خۆیەتی و ماست، پەنیر، شیرێژ، کەشک، دۆ، هەنگوین، هێڵکە و ڕووبە هەنار دەفرۆشێت، سەرجەم بەرهەمەکانیش لە گوندەکانی دەوروبەری ڕانیەوە دەهێنێت.

بەبۆچوونی ڕەحمان عەبدوڵا، قەرەباڵغیی و بەبازاڕ بوونی شوێنەکە هۆکارە بۆ دوورکەوتنەوەی ژنان لە شوێنەکە و وتی: ژنان ئێستا شەرم دەکەن لەبەردەم دووکانی خەڵک ماست بفرۆشن.

ئەو ماست فرۆشە وەک خۆی باسی دەکات، بەرهەمەکانیان فرۆشی باشە، بەهۆکاری ئەوەی بەرهەمی خۆماڵییە.

ش.ف