کەرکوک، منداڵێکی ساوا لە چەمێکدا دۆزرایەوە

دوای فڕێدانی لە چەمێکدا، منداڵێکی ساوا لە شاری کەرکوک دۆزرایەوە.


بەپێی لێدوانێکی عەقید هەڤاڵ بەرزنجی، بەڕێوبەری بنکەی پۆلیسی عروبە، بۆ ڕۆژنیوز، شەوی ڕابردوو لە چەمێکی پشت گەڕەکی پەنجا عەلی لە شاری کەرکوک، پۆلیس ئاگادارکراوەتەوە لە بوونی منداڵێکی فڕێدراو، دوای گەیشتنی بە شوێنی ڕووداوەکە پۆلیس منداڵەکەی هەڵگرتووەتەوە، کە لەناو جانتایەکدا بووە.

هەڤاڵ بەرزنجی، وتیشی: تیمەکانمان بۆیان دەرکەوتووە، کە منداڵە تازە فڕێدراوە و تەمەنی ڕەنگە تەنیا دوو ڕۆژ بێت.

بەڕێوبەری بنکەی پۆلیسی عروبە، ڕاشیگەیاند:"دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە دادوەری ئێشکگر، منداڵەکە ڕادەستی نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکوک کراوە  ولێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە".

سەبارەت بە تەندروستیی منداڵەکەش، هەڤاڵ بەرزنجی، وتی:"بەهۆی ئەوەی منداڵەکە زوو دۆزراوەتەوە، دۆخی تەندروستیی ئاسایی و جێگرە".

 

ش.ف