کەرەستەکانی شەڕ دونیای یارییەکانی منداڵان داگیردەکات

لەئێستادا کەرەستەکانی شەڕ دونیای یارییەکانی منداڵانی داگیر کردووە، پسپۆڕێکی دەروونیش ڕایدەگەیەنێت، کەرەستەکانی یاریکردنی منداڵان کاریگەریی لەسەر دروستکردنی کەسایەتی منداڵان هەیە، دەشڵێت: هەندێک لەو کەرەستانەی دایک وباوک بۆمنداڵەکانیان دەکڕن زیان بە منداڵەکە دەگەیەنێت، هاوکات فیلم و دراماکانیش بە هۆکارێکی دیکە دەزانێت بۆ خراپ پەروەردەکردنی منداڵ. 


دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی، پسپۆڕی بواری دەروونی، باس لە گرنگی جۆرەکانی کەرەستەکانی یاریکردنی منداڵان دەکات کە چ کاریگەرییەکی لە سەر کەسایەتی ئەو منداڵە هەیە، هاوکات لە ڕێگەی ڕۆژنیوز-ەوە ئەو ڕێگایانە دەخاتەڕوو کە پێویستە دایکان و باوکان لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بیگرنەبەر.

جۆرەکانی یاریکردن و کەرەستەکانی بەپێی تەمەنی منداڵ جیاوازە، پەروەردەکردنی دایک و باوک و ڕاگەیاندنیش ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە باش و خراپ پەروەردەکردنی منداڵ و ئەو جۆرە یاریانەی منداڵ ئارەزووی بەکارهێنانی دەکەن.

کەریم شەریف قەرەچەتانی، پسپۆڕی دەروونی، ڕەخنە دەگرێت و دەڵێت: زۆربەی دایک و باوکان و کەسی پەروەردەکار لە پەروەردەکردنی منداڵدا ڕۆشنبیرنین و ڕۆژانە بینیومە و تێبینیم کردووە لەو بوارە زۆربەی دایک و باوکی ئێمە لە سایکۆلۆجی منداڵ نازانن، چونکە بۆ دابینکردنی کەرەستەی یاریی بابەتی شەڕ و دەبابە و هەندێ کەلوپەلی کوشتنی بۆ دەکڕن، کە لە قازانجی نییە و تەمەنی ئەو منداڵە هەڵگری ئەوەنییە، هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ ناشارەزابوونی ئەوان لە سایکۆلۆجی منداڵ.

لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی: ئەگەر بڕوانین هەموو چواردەوری ئێمە شەڕە و کوشتارە، بۆیە لەگەڵ ئەوەدا نیم کە دایک و باوک کەرەستەکانی شەڕ بۆ منداڵ بکڕن، پێویستە لە سەریان یارییێکیان بۆ بکڕن کە گەشە بە توانا عەقڵییەکان و جەستەییەکان و جووڵەی بدات، ڕاستە کارگەکان بە چەندین جۆر یارییان خستووتە بازاڕەوە بەڵام ئەوە دایک و باوک و کەسوکارە کە چی هەڵدەبژێرن، ئەمەش پەیوەندی بە ڕۆشنبیری و ئاستی تێگەیشتن دایک و باوکەوە هەیە.

فیلم و دراماکان کە لەتیڤییەکانەوە پەخشدەکرێن یەکێکن لەو هۆکارانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پەروەردی منداڵان دەبێت، لەو بارەیەوە کەریم شەریف قەرەچەتانی، وتی: بەداخەوە سەدان فیلم و دراما هەن کە هەموویان هەڵگری کوشتن و بڕینن، کە کاریگەرییان لە سەر منداڵ هەیە و ئێمە زۆر جار لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانەوە بە دایک و باوکان ڕادەگەیەنین کە مەهێڵین منداڵان بەو شێوازانە و بە لاسایی کردنەوەی فیلمەکان گەورە بن، بەڵام گەورەکان خراپتر لە بچووکەکان سەیر دەکەن، بۆیە لە پەروەردەی نوێدا ئەوە گرنگە و هەمیشە ئەوترێتەوە کە "بە قسە مەڵێ مەکە بە کردار بۆی بسەلمێنە".

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە کاریگەری زهنیەتی کۆمەڵگا کرد و دەڵێت: لە کۆمەڵگادا کۆمەلێک داب و نەریتمان هەیە کە وەک چاولێکەری ماوەتەوە و هەندێک یاری بە پێی بایەلۆجی دروست بووە و هەیە و بەشێکە لە ڕاستی، وەک ئەوەی بە دایکبوون و یارییەکانی لانکە و بووکەڵە بۆ منداڵی کچە، بۆیە دەبێت یارییەکان و کەرەستەکان خزمەت بە بایلۆجی بکەن، بەڵام لە بەرامبەردا بە ناوی ڕەگەز یاخود جێندەر زوڵم و ستەمیان دەرحەق بە کوڕ و کچ کردووە و بە ناوی زەعیفە بوون و کچبوونەوە پەروەردەیەکی هەڵە پیادە کراوە و کلتوور و هەندێکی دیکە بە ناوی دینەوە هەموو کاریگەری لە سەر منداڵان هەیە، بۆیە بە هەڵە پراکتیزە کراون، ئەگینا زۆربەی ئەو شتانەی کە کوڕ دەیکات کچیش دەتوانێت بیکات.

ئەو پسپۆڕە دەرونییە توێژینەوەیەکی لە سەر شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ کردووە، کە پێنج شێوازی پەروەردەی دەستنیشان کردووە و دەڵێت: شێوازەکان بریتین لە شێوازی توندوتیژی، شێوازی نوقم کردن لە ناز و خۆشەویستی، شێوازی دوو جۆر پەروەردە کە هەم نازی هەیە و هەم توندوتیژی لە لایەن دایک و باوکەوە، کە دایک دەڵێت هەڵەیە و باوک دەڵێت ڕاستە، هەروەها شێوازی فەرامۆشکردن، شێوازی پێنجەمیش پێی دەوترێت شێوازی ڕاگرتنی باڵانس کە لە کاتی هەڵە لێپرسینەوە بکرێت و لە کاتی باشی پاداشت، کە ئەمە باشترین جۆری پەروەردەیە، بۆیە منداڵی تەندروست بە پەروەردەی تەندروست بەرهەم دێت.

ک.س