کەلار، گەڕەکێک شەش بەڕێوبەرایەتی تیایە و خزمەتگوزاریی پێنەگەشتووە

دانیشتوانی گەڕەکێک لە شارۆچکەی کەلار ناڕەزایەتی و نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە هەبوونی شەش بەڕێوبەرایەتی حکومی لە گەڕەکەکەیان و نەبوون خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەخەنەڕوو، دەڵێن: بەم هۆیەوە چەند ماڵێک بەناچاریی باریانکردوە، شارەوانی کەلاریش دەڵێت: زۆربەی گەڕەکەکان بێ خزمەتگوزارین و هۆکارەکەشی قەیرانی داراییە.


لەناو ماڵەکانی گەڕەکی ئاوارەکان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، شەش بەڕێوبەرایەتی حکومی هەن کە لە ناویاندا بەڕێوبەرایەتی پاسپۆرت و پەروەردە هەیە و ڕۆژنە خەڵکێکی زۆر بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان سەردانیان دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و فشارێکی زۆر بۆسەر گەڕەکەکە و کەڵەکەبوونی ئۆتۆمبێلێکی زۆر، سەرەڕای ئەمانەش ئەو گەڕەکە تائێستا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیشی پێنەگەشتووە.

نەبوونی خزمەتگووزاریی لەلایەک بووەتە هۆی بێزاری و ناڕەزایەتی هاوڵاتییانی گەڕەکەکە و لە لایەکیتریشەوە نیگەرانی ئەو هاوڵاتییانەی لێکەوتووەتە، کە ڕۆژانە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان سەردانی ئەو بەڕێوبەرایەتیانە دەکەن، لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

هاووڵاتییەكی گەڕەكەكە بە ناوی سەمیرە ئیسماعیل، سەبارەت بە بارودۆخی ژیانیان لە گەڕەكەكە، نیگەرانیی دەربڕی و ئاماژەی بەوەکرد، کە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی و زۆری سەردانکەرانی ئەو بەڕێوبەرایەتیانە هەراسان بوون، دەڵیت: چۆن دەبێت حكومەت دائیرە لە ناو گەڕەكەكان دروستبكات؟.

ئەو هاوڵاتییە، زیاتر نیگەرانییەکانی دەربڕی و وتی: ئێستا بەقاڵەكانیش بە كۆڵانەكەماندا تێباپەڕن هەتا پێداویستییە ڕۆژانەییەكانمانیان لێبكڕین، ڕێگەی هاتووچۆمان نەماوە، تەپوتۆزێ‌ زۆر دەكەن بەسەرماندا و تەنانەت چەند دراوسێیەكمان لەبەر ئەم وەزعە خانووەكانیان فرۆشتووە و لێرە ڕۆشتوون.

هاووڵاتییەكیش بەناوی ملكۆ ئەحمەد، كە بۆ ڕاپەڕاندنی كاروبارەكانی سەردانی یەكێك لەو بەڕێوبەرایەتییانەی کردبوو کە لەو گەڕەکانەدان، وتی: ماوەی سێ ڕۆژە خەریكی هاتووچۆکردنی ئەم بەڕێوبەرایەتیەم،  نزیكەی شەش بەڕێوەبەرایەتی لەم گەڕەكەدایە، بەڵام جادە و ڕێگاكانی خراپە، پێویستە شارەوانی كەلار گرنگی بدات بەم ڕێگایانە، چونکە قیرتاو نەكراون و چاڵوچۆڵی و بەرزی و نزمی زۆریان تێدایە.

ئەكرەم ساڵح، سەرۆكی شارەوانی كەلار، لەسەر خراپی خزمەتگوزاریی لەو گەڕەکەدا وتی: بەشێكی زۆری گەڕەكەكانی كەلار خزمەتگوزاریان بۆ نەڕۆیشتووە، هۆكارەكەیشی دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی دارایی، كە بەهۆیەوە لە ماوەی ڕابردوودا بایی 30 ملیۆن دۆلار پرۆژەی خزمەتگوزاریمان ڕاگیرابوو، بەڵام ئێستا لە بەشێكیاندا دەست بە كار كراوەتەوە و زۆربەیشیان بریتیین لە قیرتاوكردنی گەڕەكەكان.

ناوبراو لەبارەی بوونی بەڕێوبەرایەتی زۆر لەو گەڕەکانە و بەبوونی خزمەتگوزاریی، ئاماژەی بەوەکرد، کە لەبەرنامەیاندا هەیە، بەخێرایی  خزمەتگوزاریی بەرن بۆ ئەو گەڕەکە، بەڵام چاوەڕوانی تەرخانکردنی بودجە دەکەن.