کەنەکە پیرۆزبایی جەژن لە گەلانی ئیسلام دەکات

وێڕای پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە گەلی کورد و گەلانی ئیسلام لە جیهاندا، کەنەکە ڕایگەیاندووە، "چ سەمەرەیەکە! ئەوەی لە جەژنی ڕەمەزاندا هێرش دەکاتە سەرمان، نەک هەر خۆی بە موسڵمان دەزانێت، بەڵکو خۆی وەک سەرۆک و ڕابەری موسوڵمانان لە قەڵەم دەدات".


بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە: ئێمە دیسان جارێکیترو جەژنێکیتر لە دۆخێکی ئاڵۆزدا دەکەین، لە باکور و باشوورو رۆژاوا هێرش بۆ لەناوبردنی گەلی کورد بەردەوامە، دەوڵەتی تورکیا دوای داگیرکردنی عەفرین رووی هێرش و داگیرکاریی کردووەتە باشووری کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتیش دۆخێکی ئاڵۆز هەر بەردەوامە،  لە بەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکارییەدا، شەڕی ئازادی و بەرخۆدانی گەلی ئێمە بە هەموو شێوەیەک بەردەوامە.

هەروەها هاتووە:"چ سەمەرەیەکە! ئەوەی لە جەژنی ڕەمەزاندا هێرش دەکاتە سەرمان، نەک هەر خۆی بە موسڵمان دەزانێت، بەڵکو خۆی وەک سەرۆک و ڕابەری موسوڵمانان لە قەلەم دەدات، رۆژی جەژن لەبەردەمی کامێراو سەر تەلەفزیۆن دەردەکەوێت و دەڵێت 'موسوڵمانی درووست و خێرخواز ئێمەین'، بەم درۆو دەلەسانە و بە خۆشاردنەوە لەژێر پەردەی ئایندا، خواستی ناڕەواو نامرۆڤانەی خۆی بەسەر گەلی ئێمەدا دەسەپێنێت".

لەو پەیامەدا، کەنەکە ئاماژە بەوە دەکات، گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لە هەموو شوێنێکیتر، ئەو خەڵکەی جاران نین و ئێستا هۆشیارەو لە ناو تێکۆشانێکی نەتەوەیی دیموکراتیی سەردەمیدایە "ئیدی نە دەرۆزەکەری بەردەرگای زۆردارانەو نە بەو درۆیانە دەخەلەتێ و نە ژێردەستیش قبوڵ دەکات، ئیدی هیوای بە خۆی و ڕێبەرایەتی خۆی و تێکۆشانی خۆی هەیە".

لە کۆتایی پەیامەکەدا کەنەکە ڕایگەیاندووە: ئێمە بەهیواین لەو بڕوایەداین کە گەلی کوردستان لە دەرفەتێکی نزیکدا بە ئارامی و ئاشتی و ئازادیی، جەژن و ئاهەنگی شادیی دەگێڕێت، بەم بۆنەیەوە جەژنی رەمەزان، سەرەتا لە زیندانیان و جەنگاوەرانی ئازادی، لە گەلی کوردستان و تەواوی جیهانی ئیسلامیی پیرۆزدەکەین.

س.ح