کەنەکە: پ-عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ یەکێک لە دامەزرێنەرانی کەنەکە بوو

بۆ کۆچیی دوایی پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ، کەنەکە لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە گەلی کورد و دۆستانی کۆچ کردوو دەکات، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات، کە کۆچکردوو یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەیی.


ئەمڕۆ پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا کۆچی دواییکرد، بۆ کۆچی دوایی ناوبرا، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ ئەندامی دامەزرێنەری کەنەکە بووە، هەروەها هاتووە:"دکتۆر عیزەدین مستەفاڕەسوڵ، سەرەڕای ئەوەی کەسایەتییەکی دیاری بواری رۆشنبیری و ئەدەبی و ئەکادیمیی کوردی بوو، هەمانکات مامۆستایەکی بە هەڵوێست و کەسایەتییەکی دڵسۆزی دۆزو خەباتی گەلەکەی بوو، یەکێک لەو رۆشنبیرە دەگمەنانەی  تا دوا ساتەکانی ژیانی پەیوەست بوو بە بوارە جیاوازەکانی تێکۆشانی نەتەوەیی و ئەدەبی و سیاسییەوە".

هەروەها هاتووە:"پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسول وەک مامۆستای زانکۆ، سەدان خوێندکاری پێگەیاندووە، چەندین کتێب و نووسینی ئەکادیمیی لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەبی کوردیدا بڵاوکردووەتەوە، وەک ئەدیبێکیش لە دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نووسەرانی کورد بووە، لە یەکەم کۆنگرەی ئەو رێکخراوەشدا بە سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی کورد هەڵبژێردرا، کۆچی دوایی دۆکتۆر عیزەدین لەم قۆناغە ناسک و هەستیارەی گەلی کوردستاندا، زیانێکی گەورەیە لە ئەدەب و رۆشنبیریی و خەباتی نەتەوەیی گەلی کوردستان".

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە:"ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەرەخۆشی لە خۆمان، لە گەلی کوردستان، لە کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانی دۆکتۆرعیزەدین و ئەدیب و نووسەرانی کوردستان ئەکەین، جێگاو رۆڵی دۆکتۆر عیزەدەین مستەفا رەسوڵ لە مێژووی ئەدەب و رۆشنبیریی و خزمەتی نەتەوەییدا، هەمیشە درەوشاوەو پرشنگدار ئەمێنێ".

س.ح