کەڵەکەبوونی بەفر ١٢ ڕۆژە جموجۆڵی بازرگانی لەمەرزی کێلی وەستاندوە

بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفرێکی زۆرەوە ماوەی ١٢ ڕۆژە جموجۆڵی بازرگانی لە مەرزی کێلێی سەر بە شارۆچکەی پشدەر ڕاگیراوە، ئەوەش ٥٠٠ شوفێر و دەیان کاسبکارو کۆڵبەری لەم کاتەدا بێکار کرووە کە لەو سنوورە بە فەرمی کاردەکەن.


لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی بەفرباریینی زۆر هەرێمی کوردستان و بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکانی گرتەوە، بەو هۆیەشەوە ڕێگای بەشێک لە گوند و ناوچە کوێستانییەکان هاتوچۆکردن تێیاندا پەکی کەوت.

مەرزی کێلێی سەر بە شارۆچکەی پشدەری سنوری پاریزگای سلێمانی، یەکێکە لەو ناوچانەی بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفرێکی زۆرەوە ماوەی ١٢ ڕۆژە هاتووچۆکردن تێیدا پەکی کەوتووە، شۆفێرانیش گلەیی لە بەرپرسانی ناوچەکە دەکەن کە لە ئاست پاک کردنەوەی ڕێگای مەرزەکە خەمساردن.

بەرپرسانی مەرزەکە ڕایانگەیاندووە، زۆربەری ڕێگاکە بەڕووی ئەمدی و پاک کراوەتەوە، بەڵام ئەوەی ئاستەنگی دروستکردووە، پاک نەکردنەوەیەتی بە دیوی کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی گومرگی ڕاپەڕین لە مەرزی کێلێ زیاتر لە ١٥٠ سانتیمەتر بەفر باریووە.

مەرزی کێلی هەردوو شارۆچکەی پشدەر و سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوەو ڕۆژانە ١٥٠ بارهەڵگری ئێران لە مەرزی کێلێوە کاڵاو شمەک دەگوازنەوە هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی ١٠ی نیسانی ٢٠١٩ حکومەتی عێراق وەفدێکی ناردە مەرزی کێلێ بۆ ئاگاداربوون لە دوایین پەرەسەندنەکانی مەرزەکە تا لە ئاییندەیەکی نزیکدا بە نێودەوڵەتی بکرێت.

 

ک.س