گروپێک خۆبەخشانە سەرى خوێندکارى گوندەکان چاک دەکەن

گروپێک سەرتاش، خۆبەخشانە هەر هەفتەیە و دەچنە خوێندنگاى گوندێک و بێ بەرامبەر سەرى خوێندکاران چاک دەکەن، دەڵێن، ئامانجیان لەم کارە ئەوەیە، کە بیکەنە کلتورێک هەموو کارێک لەبەرامبەر پارەدا ئەنجامنەدرێت، پەیامیشیان هەیە بۆ پزیشکەکان، کە هاوشێوەى ئەوان سەردانى گوندەکان بکەن.


گروپێکى ١٠ کەسى ، کە لە سەرتاشەکانى سنورى شارۆچکەى پشدەر پێکهاتوون، هەفتەى ڕۆژێک سەردانى گوندەکانى سنورى پشدەر دەکەن و سەرى خوێندکارانى نێو خوێندنگاى گوندەکان بێ بەرمبەر چاک دەکەن.

بارزان محەمەد، کە یەکێک لەو سەرتاشە خۆبەخشانەیە، لەبارەى ئەو کارە خۆبەخشییەى دەیکەن، بە ڕۆژنیوزى وت: هەفتەی ڕۆژێک دووکانەکانی خۆمان دادەخەین و هەر هەفتەیەک بۆ گوندێک دەڕۆین، ساڵى پار ئەم گروپەمان دروستکرد، بەڵام بەهۆی بایکۆتەوە کارمان بۆ نەکرا، بەڵام ئەمساڵ هەموو هەفتەیەک سەردانى گوندەکان دەکەین.

ئەو سەرتاشە خۆبەخشە، ئاماژەى بە ئامانجى کارە خۆبەخشییەکەیان کرد و وتى:دەمانەوێت ئەو کارەی ئێمە بە کلتور بکرێت هەموو شتێک بە پارە ئەنجام نەدرێت، کەسانی دیکەش وەک پزیشکەکان دەتوانن بەو شێوەیەی ئێمە خۆبەخشانە خزمەتی هاوڵاتیان بکەن.

ئاوارە هێرۆیی، یەکێکى دیکە بوو لەو سەرتاشانەى، کە لە گروپەکەدا کارى دەرکرد، ئاماژەى بەوەکرد، کە ئەوان گروپێکى خۆبەخشیان دروستکردووە و ئامانجیان خزمەتکردنە، بەڵام هەندێک جار تۆمەتیان بۆ دروست دەکەن و پێیان دەڵێن سەر بە لایەنێکى سیاسین.

ئەو گەنجە خۆبەخشە، نیگەران بوو لەوەى کە هیچ دەستخۆشییەکیان لێنەکراوە لەلایەن بەرپرسانى سنورەکەیانەوە، هەروەها داواى ئەوەى کرد، کە بەنزینیان بۆ دابینبکرێت بۆ ئەوى بتوانن بەردەوامبن لەو کارە خۆبەخشییە.

قادر عەبدوڵا، بەرێوەبەری خوێندگاى گوندى نورەدین لەسنورى پشدەر، دەستخۆشی لەو گەنجە خۆبەخشانە کرد و وتى: ئەو کارە کارێکی زۆر باشە چونکە ئەو کارە جگە لەوەی خوێندکاران دڵخۆش دەکات بڕێک پارەش بۆ خوێندکاران دەگەرێنێتەوە، هیوادارین ئەو سەردانە خۆبەخشانە بەردەوامی هەبێت و نمونەشیان زۆربێت.

د.ع