گەرمیان، پیاوێک ٤٠ ساڵە خزمەت بە کلتور و جلوبەرگی کوردی دەکات

لە شارۆچکەی کەلار، حاجی مەولودی ٧٢ساڵ، لە دوکانەکەیدا زیاتر لە ٤٠ساڵە، جلوبەرگی کوردی و جامانە و تەزبیح و بابەتە کلتورییەکان دەفرۆشێت و دوکانەکەی لەدەرەوەی گەرمیانیش ناوبانگی پەیدا کردووە، ئەو دەڵێت: بەهۆی خۆشەویستیم بۆ کلتوری نەتەوەکەم و ترسی لە ناوچوونی جلوبەرگی کوردی، لە پیشەکەم بەردەوامم.


یەکێک لە بەناوباگترین و دیارترین دوکانەکانی ناو بازاڕی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، دوکانەکەی حاجی مەولود-ە کە لە ساڵانی ١٩٧٠وە، تا ئێستا لە هەمان جێگای خۆیەتی و هەموو جۆرەکانی جلوبەرگی کوردی، جامانە و تەزبیح و بابەتە کلتورییەکان دەفرۆشێت، زۆرترین جۆرەکانی جلوبەرگی کوردی و بابەتە کلتورییەکانی کۆکردۆتەوە لە دوکانەکەیدا و زۆربەشیان مێژوویەکی دێرینی گەلی کوردیان لە پشتەوەیە، حاجی مەولود، ناوبانگی دوکانەکەی سنوری گەرمیانی تێپەڕاندووە و کڕیار لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی دیکەوە سەردانی دەکەن، تەنانەت عەرەبە ئاوارەکانی سنورەکەش.

حاجی مەلود، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پیشەکەی بۆ ڕۆژنیوز وتی: بەهۆی خۆشەویستیم بۆ کلتوری نەتەوەکەم و ترسی لە ناوچوونی جلوبەرگی کوردی ئەم پیشەیەم هەڵبژاردووە، جلوبەرگ و کلتور ناسنامەی هەر نەتەوەیەکن و پێویستە بیپارێزین، بە جلە کوردییەکەمەوە چەند وڵات گەڕاوم وەکوو، ئێران و سعودییە و ئوردن، دەربارەی جلەکانم پرسیاریانکردووە و ناساندومە، بەڵام جلوبەرگی کلتوری هیچ  وڵاتێک وەکوو کوردی جوان نەبووە لەلام.

حاجی لە دوکانەکەیدا زۆربەی جۆرەکانی جلوبەرگی کوردی دەفرۆشێت و وەک خۆی دەڵێت: بەشێکی پارچەکانی ناو دوکانەکەم مێژوویەکی دێرینی کوردی لەپشتەوەیە و ئاماژەی بەهەندێکیان دا و وتی: لە دیارترینیان جۆرەکانی، قاتی مرادخانی، مەرەزی، مەریوانی، کەتافی، شاڵ، کەوا و سەڵتەی کۆنن، وە قاتی مەلیکیم هەیە کە لە سەردەمی شۆڕشە ڕزگاریخوازەکەی شێخ مەحمودی مەلیکدا بۆ گەلی کورد، شێخ مەحمود لەبەری کردووە و تا ئێستاش خەڵک بە خۆشەویستی ئەوەوە لەبەری دەکەن.

هەروەها جگە لە جلوبەرگ، لە دوکانەکەیدا جۆرەکانی تەزبیح، مشکی، جامانە و کەفی هەیە و لەو بارەیەوە وتی: چەند جۆر تەزبیح، جۆرەکانی مشکی جافی، مشکی شێخانە و مشکی هەورامانی دەفرۆشم، هەروەها کەفی گوڵدار و جامانەی سەوز، کە خەڵک لە خۆشەویستییان بۆ شەڕڤانانی ڕۆژئاوای کوردستان و گەریلا دەیکڕن و لە ملی دەکەن وەکوو ئەوان، هەروەها مشکی داود بەگیم هەیە کە بەناوی سەرۆک عەشیرەتی جاف-ەوەیە و ئەو بەکاریهێناوە، لە ساڵانی ڕابردوودا لە گەرمیان هەتا پێنجوێن سوڵتەی هەبووە.

سەبارەت بە کڕیارەکانی وتی: ناوبانگی دوکانەکەم گەرمیانی تێپەراندووە و جگە لە خەڵکی گەرمیان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی باشوری کوردستانەوە سەردانم دەکەن، بەو پێیەی هەندێک لە شتەکانم دەگمەنن، هەروەها زۆربەی کڕیارەکانم هەمیشەیین و هەندێکیان باوکییان بە منداڵی هێناویەتی جلی کوردی بۆ کڕیوە، ئێستا خۆی گەورەبووە و ئەویش کوڕەکەی دەهێنێتە لام، تەنانەت عەرەبە ئاوارەکانی سنورەکەش دێنەلام.

دوکانەکەی حاجی مەولود سەرچاوەی بژێوی خانەوادەکەیەتی و لە ئێستادا تەمەنی ٧٢ ساڵە و تەمەنی هەڵکشاوە، بەو هۆیەشەوە و دوو لە کوڕوکانی هێناوەتە لای خۆی و دوکانەکەی لەگەڵدا بەڕێوەدەبەن و دەشڵێت: هەتا بمێنم و بتوانم خزمەتی ئەم دوکانە و کلتور و جلوبەرگی کوردی دەکەم.

ک.س