گەنجانی شارەزوور بە کشتوکاڵکردن کلتوری هەرەوەزیی زیندوودەکەنەوە

گروپێک لە خوێندکار و دەرچووی زانکۆ، کاری هەرەوەزییان هێنایەوە شارەزوور و پێکەوە کشتوکاڵ دەکەن، بەمەش کلتوری هەرەوەزیی زیندوودەکەنەوە و بێ ئەوەی چاوەڕوانی حکومەتیش بکەن ئابووریی خۆیان بەهێز و بەرهەمی ناوخۆ زیاد دەکەن.


دەشتی شارەزوور یەکێکە لە دەشتە بەپیت و بەناوبانگەکانی باشوری کوردستان بۆ کاری کشتوکاڵیی، لە ساڵانی ڕابردوودا جوتیاران بە هەرەوەزیی کشتوکاڵیان تێدا دەکرد و بەرهەمێکی زۆریان دەچنییەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی کرد بە فەرمانبەر و مووچەخۆر و گرنگیی بە کەرتی کشتوکاڵ نەدا، بەمەش زۆرێک لە جوتیاران وردە وردە لە کشتوکاڵکردن دوورکەوتنەوە و بەشێک لەو زەوییانەی بۆ کشتوکاڵ بەکاردەهات، کران بە بینا و شوێنی نیشتەجێبوون، بەڵام لە ئێستادا گروپێک لە گەنجانی شارەزوور ئەو کلتورە زیندوو دەکەنەوە.

بە دوورکەوتنەوە لە کشتوکاڵ کاری هەرەوەزییش لەناو خەڵکدا کاڵبووەوە و ئیدی تەنیا چاوەڕێی سەری مانگ-یان دەکرد، تا لە بەرامبەر کاری ئیدارییان مووچەکانیان لە حکومەت وەربگرن، بەڵام ئەمە زۆری نەخایاند و لە ساڵی ٢٠١٣ حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، کە ٦٥٪ی هاوڵاتیان مووچەخۆرن و ئیدیی ناتوانێت دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانیش دابمەزرێنێت مووچەیان بۆ دابین بکات، دوای ئەو بڕیارەش ساڵانە هەزاران گەنج لەدوای تەواوکردنی خوێندن دەکەونە ماڵەوە و نە دادەمەزرێن و نە هەلی کاریی تایبەتیشیان دەستدەکەوێت.

ئەمساڵ، ١٤ گەنج، کە پێکهاتوون لە ١٢ ژن و دوو پیاو، بەشێکیان کۆلێژی کشتوکاڵیان تەواوکردووە و بەشێکیشیان هێشتا خوێندکارن، گروپێکیان دروستکرد و بڕیاریاندا بە هەرەوەزیی دەست بە کشتوکاڵکردن بکەن و گەشەی پێبدەنە، بۆیە ناوی گروپەکەشیان نا (گەشەپێدانیی کشتوکاڵیی).

بیرۆکەی پرۆژەکە لە ئەنجامی چەند گفتوگۆ وسمینارێکی ئەو خێندکارانە لەگەڵ جوتیارانی سنوورەکەدا هاتە ئاراوە.

جوتیارێکی نمونەیی سنووورەکەش بە بڕیاری ئەو گەنجانە زۆر دڵخۆش دەبێت و بڕیار دەدات وەک پشتیوانییەک بۆ پرۆژەکەیان و هاوکارییان بکات، سەرئەنجام ١٠ دۆنم زەوی لە گوندی دسکەرە بەخشییە ئەو گەنجانە تا ئەمساڵ کشتوکاڵ و بێستانی تێدا بکەن، گەنجەکانیش لە مانگی نیسانەوە دەستیان بە چاندن کرد.

ئەو تۆوانەی چاندوویانە بریتیە لە لۆبیا، کولەکە، خەیار و فاسۆلیا و چەند بەروبوومێکی دیکە و ڕۆژانە دەچنە سەر زەوییەکە و چاودێری بەرووبوومەکانیان دەکەن و بژریان دەکەن و ئاویان دەدێرن، بەپێی پێویستیش دەرمانیان دەکەن.

بێریڤان ئەحمەد، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی گروپەکەیە و لەگەڵ هاوڕێکانی سەرقاڵی کارکردن بوو لە زەوییەکەدا، کاتی پشوووەرگرتنەکەینمان بە دەرفەت قۆستەوە و چەند پرسیارێکمان سەبارەت بە پرۆژەکەیان لێکرد، ئەویش لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە کرد، کە هەستێکی زۆر خۆشیان هەیە، چونکە ئیدی چاوەڕێی واژۆیەکی حکومەت ناکەن بۆ دامەزراندن و بە وەگەڕخستنی تواناکانیان و سودوەرگرتن لە زانیارییەکانیان کار دەکەن.

بیلال حەمە ڕەئوف، و شەیما فەرەیدوون سەرپەرشتیی گروپەکە دەکەن، بێجیاوازیش کارەکان بەسەر خۆیان و هاوڕێکانیاندا دابەش دەکەن، بیلال، باسی لەوەکرد، کە ئەو پرۆژەیە یەکەم ئەزمونیانە، خاوەنی زەوییەکەش هیچ نرخێکیان لەبەرامبەر زەوییەکە لێوەرناگرێ، بۆیە بیر لە قازانج و زیان ناکەنەوە، بەڵکو بیرلەوەدەکەنەوە، کە ئەم کارە ببێتە بناغە بۆداهاتوویان.

شەیما فەرەیدوون-یش تیشکی خستە سەر گرنگیی پرۆژەکەیان بۆ برەودان بە بەروبوومی خۆماڵیی و وتی: ئەم کار کردنەی ئێمە هەنگاوێکی باشە بۆ دەربازبوون لە بێکاریی و بەشدارییکردنی ژنان لەم کاردا، جگە لەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرووبوومی ناوخۆیی،

وتیشی: ئەو سەوزەواتەی کە خۆمان بەرهەمی دێنین تەندروستترە وجێگای باوەڕە وەک لەوەی کە لە وڵاتانی تر بەرهەم دێت و نازانرێت چۆن بەرهەم دێت.

ئەو گروپە لە بەرنامەیاندایە کە پڕۆژەکەیان گەورەتر بکەن و لە ئێستاوە کار بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی زستانە بکەن، بڕیاریشیانداوە، دوای پێگەیشتنیان خۆیان بەرهەمەکەیان کۆی بکەنەوە و بە دروستکردنی کەپر لە سەر شەقامەکان یاخود گەڕان بە نێو کۆڵانەکا-دا ساغی بکەنەوە و بیفرۆشن.