گەنجێك بۆ ڕزگارکردنی مانگایەک خۆی کردە قوربانیی

گاوانێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە سنووری شارەدێی قەسرێ هەوڵیدا مانگایەک لە کەوتنە خوارەوە ڕزگار بکات، بەڵام خۆی کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.


ئەمڕۆ گەنجێكی دانیشتووی شارەدێی قەسرێی سەر بە شارۆچكەی چۆمان لە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆ بەجێگەیاندنی نۆبەتی لەوەڕاندنی مانگاو ئاژەڵەكان چووە سەر شاخ لە سنوری شارەدێی قەسرێ، کاتێک زانیوێتی مەترسیی هەیە یەکێک لە مانگاکان لە شاخەکە بکەوێتە خوارەوە هەوڵی ڕزگارکردنی داوە، بەڵام خۆی کەوتووەتە خوارەوە و مانگاکەش قاچی شکاوە.

گەنجەکە، کە تەمەنی ٢١ ساڵ بووە و ناوی (محەمەدئەمین عەبدولڕەحمان) ە، دوای کەوتنە خوارەوەی برینداربووە و بە برینداریی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی قەسرێ، دواتر بۆ چارەسەریی نێردراوە بۆ نەخۆشخانەی ڕۆژئاوای هەولێر و لەوێ گیانی لەدەستدا.

دوای ئەنجامدانی توێکاریی لە پزیشکی دادوەریی هەولێر، تەرمەکەی ڕادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.

ش.ف