گەنجێك لەشارەدێی خورماڵ لەئاودا خنكا

گەنجێكی تەمەن ٢١ ساڵ لە شارەدێی خورماڵ لەئاودا خنكا، پۆلیسیش بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لەگەڵیان چوار هاوڕێی دەستگیر كردووە کە لەکاتی خنکانیدا لە گەڵیدا بوون.


سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە، گەنجێكی تەمەن ٢١ ساڵی دانیشتووی شارەدێی خورماڵی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە، لەكاتی مەلەكردنیدا لە ئاوی گەنجانی شاردەێیەكە خنكا.

عەزیز شەوكەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید عەلی شیعەی شارەدێیەکە بە ڕۆژنیوی وت: سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە تەرمی گەنجێك گەیەنرایە نەخۆشخانەكەمان كە لەئاودا خنكابوو.

وتیشی":بەوتەی ئەو كەسانەی كەلەگەڵیدا بوون ئاماژەیان بەوەكرد كە لە كاتی مەلەكردن لە ئاوی گەنجان خنكاوە، گە نجەكە خنكاوەكەش تەمەنی ٢١ ساڵە و ناوی (موسلیم عوسمان)ە.

وتیشی: ڕێكاری تەندروستیمان بۆ تەرمەکە ئەنجامدا و پاشان بە مەبەستی لێكۆڵینەوەی زیاتر لەهۆكاری گیان لە دەستدانەكەی تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادی هەڵەبجە كرا.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەكاتی مەلەكردنی ئەو گەنجەدا چوار هاوڕێی لەگەڵدا بوون، بۆیە پۆلیس ئەو هاوڕێانەی دەستگیر كردووە بە مەبەستی لێكۆڵینەوەی زیاتر لە گەڵیاندا.

ک.س