گەنجێك ٦٠٠ ئۆتۆمبێل و ئامێری کشتوکاڵی دروستكردووە

گەنجێکی بەهرەمەندەی دانیشتووی كۆمەڵگەی باریكە لەشارۆچكەی شارەزوور، وەک خولیایەکی خۆی سەدان ئامێری کشتوکاڵی و ئۆتۆمبێلی بە بچوککراوەیی و بە شێوازیی هونەری دروستكردوەتەوە، وەک خۆشی دەڵێت: ئەگەر لەلایەن حکومەتەوە هاوکاری بکرێن گەنجانی کوردیش دەتوانن داهێنان بکەن.


ئاكۆ عەبدولقادر، گەنجێكی بەهرەمەندی دانیشتووی كۆمەڵگەی باریكەی سنووری شارۆچكەی شارەزووری سەر بە پارێزگای سلێمانییە، لە ماڵە خنجیلانەکەی ماوەی ٢٠ ساڵە وەک خولیایەکی تایبەت بەخۆی سەرقاڵی دروستکردنەوەی ئۆتۆمبیل و ئامێری کشتوکاڵییە بەشێوەی بچوککراوە کە بریتین لە دەڕاسە، تراكتۆر، شۆفڵ، تەنكەر، پاس و چەندین ئامێری دیكە.

ئەو کەرەستانەی ئاکۆ لەكارەكانیدا بەكاری دێنێت بریتیە لە ئاسن، شیش، تەختە و تەل، هەموو ئەوانەش لەبازاڕ دەكڕێت و لەماڵەوە بە لەحیم، كۆستەرە، دڕێل، چەكوش پلایس، ئەو ئامێرانەی لێ دروست دەكات تا ئێستاش٦٠٠ پارچە ئۆتۆمبێل و ئامێری کشتوکاڵی دروستكردوە.

ئاكۆ عەبدولقادر، سەبارەت بەپیشە و كارەكەی قسەی بۆ ڕۆژنیوز كرد و وتی: سەرەتا کارەکانم بەشێوەی سەرەتایی دروستدەكرد، بەڵام ئێستا کارەکان باشتر و جوانتر دەکەم و خێزانەكەشم هاوكاریم دەكەن.

وتیشی: ئەو كارانەی دەیكەم بۆ بژێویی ژیانم نیە، چونكە لەكوردستان كەس ناتوانێت بەتەنها لەسەر هونەر بژیت، تەنها وەك حەزو خولیای خۆم بەكاری دێنم، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی خەڵكی زۆر داوایان دەكرد، بەشێك لەو ئۆتۆمبێلانەی دروستم کردوون فرۆشتوومن بە نرخی ٦٠ تا ٢٠٠ دۆلار.

هەندێک لەو ئامێرانەی دروستیکردووە ماوەی چەند ڕۆژێکی پێچووە و لەوبارەیەوە ئاکۆ، نموونەی درووستکردنی ئامێرێکی دەڕاسە دێنێتەوە کە ٢٠٠ پارچەی لە دروستکردنیدا بەکارهێناوە و نزیكەی سێ ڕۆژ پێوەی خەریک بووە، چونکە ئەو ئوتۆمبێلانەی دروستیان دەکات بەشێكی میكانیكییە و بەشێكی دیكەشی كارەباییە و بە پیل و دینەمۆی كارەبایی کاردەکەن.

ئاکۆ ڕەخنەی لە حکومەت و لەمیدیای كوردی هەیە، کە تائێستا میدیا نەیتوانیوە دیووی هونەری مرۆڤەكان بەتایبەت گەنجی كورد پیشان بدات، هەروەها لەلایەن حكومەتەوە نەتوانراوە سود لەتواناكانیان وەربگیرێت، لەسەر ئەو بنەمایە ئەو گەنجە بەهرەمەندە ئەوەی خستەڕوو، کە بەنیازە هەموو ئەو گەنج و بەهرەمەندانەی ئۆتۆمبێل بە بچوککراوەیی درووست دەكەنەوە، هەموویان كۆبكاتەوە، سەرەتا لە شاری هەولێر پێشانگایەك بکەنەوە، دواتریش لەشاری سلێمانی و شوێنەكانی دیكە بیكەینەوە، بۆ ئەوەی بەهرەمەندان و ئەو كەسانەی توانا و خولیایان لەو بوارەدا هەیە كۆبنەوە و بەیەكتریان بناسێنێت و هاوکاری یەكتربکەن.

ئاکۆ قسەی زیاتری کرد و وتی: "حكومەت تائێستا بیری لەوە نەكردووەتەوە سود لەتوانای گەنجان وەربگرێت لەناوخۆی هەرێمدا بەكاریان بێنێت، ئەگەر حكومەت دەسگیرۆمان بكات دەتوانین زۆر ئامێری گەورە دروست بكەین و بۆ جیهانی بسەلمێنین میللەتی كورد، هیچمان لەمیللەتانی دیكە كەمتر نیە، كوردیش میللەتێكە شانبەشانی میللەتانی دیكە توانای داهێنان و كاری نوێی هەیە".

لە کۆتایشدا ئاکۆ داوایکرد كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، بتوانێت توانای گەنجان یەكبخات بۆ ئەوەی بتوانن خزمەت بەوڵاتەكەیان بكەن.

ک.س