گەنجێک بە گولـلە گیانی لەدەستدا

گەنجێکی تەمەن ٢٢ ساڵ لە شارۆچکەی قەڵادزێ خۆی کوشت، بە گولـلە گیانی لەدەستدا، باوکیشی دەڵێت: کوڕەکەی باری دەروونی ناجێگیرە و چەند جارێک بردوویەتیە لای پزیشک بەمەبەستی چارەسەرکردن.


شەوی ڕابردوو گەنجێک بەناوی (ک . م . ع ) لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٧ پیشەی کاسب، دانیشتووی شارۆچکەی قەڵادزێ، بە برینداریی گەیەندرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شارۆچکەکە و ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

لەبارەی ڕووداوەکەوە بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، گەنجەکە بە چەکی جۆری (کڵاشینکۆف) بەهۆکارێکی نادیار گولـلـەیەکی لە سنگی خۆیداوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە پێشتر باوکی کوڕەکە وتویەتی، کوڕەکەی باری دەروونی ناجێگیرە و چەند جارێک بردویەتیە لای پزیشک بەمەبەستی چارەسەرکردن.

پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە پەراوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

ک.س